پەیامی کورد ... ڕۆژی سێشەممەی ڕابردوو بەھۆی شەڕ و پێکدادانی نێوان سوپای تورکیا و چەکدارانی پەکەکەوە لە سنووری قەزای مێرگەسۆر ھاووڵاتییەکی سڤیلی ھەرێمی کوردستان شەھید بوو. پەرلەمانتارێکی پارتیش دەڵێ، لەسەر سنووربەزاندن و ئاڵۆزیی نێوان تورکیا و پەکەکە یادداشتێک دەدەینە وەزارەتی دەرەوەی تورکیا.
محەمەد ئەمین فارس ڕایگەیاند : "پێویستە سنووری ھەموو ووڵاتێک پارێزراو بێت و ئێمەش لە ھەرێمی کوردستان دەخوازین سنووری ھەموو ووڵاتێک پارێزراو بێت و دەستوەردان نەکرێت بۆ سەر خاکی ھیچ ووڵاتێک، بە ھەمان شێوە سنووری ھەرێمی کوردستانیش پارێزراو بێت و ھێز و ووڵاتانی دەوروبەر خاکی ھەرێمی کوردستان وەک مەیدانی جەنگ بەکار نەھێنن."
ئەو پەرلەمانتارەی پارتی گوتی: "ئێمە لە ڕێگەی خۆمانەوە، واتە لە ڕێگەی پەرلەمانی عێراقەوە یادداشتێک ئاراستەی وەزارەتی دەرەوەی عێراق دەکەین تا ئەوانیش وەزارەتی دەرەوەی تورکیا ئاگادار بکەنەوە بۆ ئەوەی سنوورەکانی ھەرێمی کوردستان پارێزراو بن، چوونکە سنوورەکانی ئێمەش بەشێک لە سنوورەکانی دەوڵەتی عێراقن و پێویستە سەروەری خاکی عێراق پارێزراو بێت."
فارس ئاماژەی بۆ ئەوە کرد: "بەداخەوە ساڵانە بەھۆی شەڕ و پێکدادانی نێوان سوپای تورکیا و چەکدارانی پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە) لەنێو خاکی ھەرێمی کوردستاندا ژمارەیەک ھاووڵاتیی ھەرێم دەبنە قوربانی، جگە لە زیانی بێھەژماری ماددی کە بەر خەڵکی ھەرێمی کوردستان دەکەوێت."
هێشتا لێدوان نییە. یەکەمین لێدوان بنووسە!
لێدوانی خۆت بنووسە