نزیكه‌ی ۵۰۰ چه‌كداری داعش له‌سنووری ناحیه‌ی گوێر ده‌ستیان به چالاكی كردۆته‌وه‌و به‌رپرسێكی یه‌كیتیش ورده‌كاریی سه‌رهه‌ڵدانه‌وه و نه‌خشه‌ی بوونی داعش له عێراق ئاشكرا ده‌كات.
به پێی زانیارییەکان ، " ئه‌حمه‌د زاگه " لێپرسراوی كۆمیته‌ی گوێری یه‌كیتی نیشتمانی كوردستان، بهSNNی ڕاگه‌یاند: له‌خوارووی ناحیه‌ی گوێرو به‌دووری كه‌متر له ٢ كیلۆمه‌تر به ئاراسته‌ی گه‌یاره ، نزیكه‌ی ۵۰۰ چه‌كداری داعش له‌ناو زه‌ل و دارستانه چڕه‌كان خۆیان حه‌شارداوه.
ئه‌و به‌رپرسه‌ی یه‌كێتی زانیاری زیاتر له‌باره‌ی ئه‌و شوێنه‌ی تیرۆریستانی داعش ئاشكرا ده‌كات و ده‌ڵێت:"كاتێك شاری موسڵ ئازادكرا، چه‌كداره هه‌ڵاتووه‌كانی داعش ئه‌و شوێنه‌یان كردووه به‌موڵگه‌ی خۆیان، كه ده‌كه‌وێته نێوان هێزه‌كانی پێشمه‌رگه‌و سوپای عێراق و ناوچه‌كانی " زومماره‌ی عه‌بدوڵڵا، زومماره‌ی مه‌رجانه، زومماره‌ی سابیر، ساقێ، قوشافی كورد و قوشافی عه‌ره‌ب " و كه درێژییه‌كه‌ی نزیكه‌ی هه‌شت كیلۆمه‌تره".
به‌رپرسه‌كه‌ی یه‌كێتی ئاشكراشی كرد:" هه‌رچه‌نده تائێستا چالاكییه‌كانی داعش ته‌نها سنووری گونده‌كانی ناحیه‌ی گه‌یاره‌ی گرتوەته‌وه، به‌ڵام بوونیان به‌و ژماره زۆره، مه‌ترسی جیددی له‌سه‌ر ئه‌منییه‌تی ناوچه‌كه درووستكردوه."
ئه‌حمه‌د زاگه نه‌خشه‌ی داعش له ته‌واوی سنووره‌كه ده‌خاته‌ڕوو و رایده‌گه‌یه‌نێت، هێڵی بوونی داعش له عێراق له جزیره‌و ته‌له‌عفه‌ره‌وه ده‌ستپێده‌كات بۆ سنووری هه‌ردوو ناحیه‌ی گه‌یاره‌و گوێر، دواتر ئاڕاسته‌كه‌ی به‌ره‌و قه‌ره‌چوخ و پاشان گه‌ڕاو و قه‌زای حه‌ویجه‌و دواتریش زنجیره چیای حه‌مرین.
هێشتا لێدوان نییە. یەکەمین لێدوان بنووسە!
لێدوانی خۆت بنووسە