زیاتر لە ٦ هەزار چەکداری داعش لە بەندیخانەکانی پەیەدەن

زیاتر لە ٦ هەزار چەکداری داعش لە بەندیخانەکانی پەیەدەن

پەیامی کورد  ...   سەرۆکی فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی پەیەدە ، ڕایگەیاند: شەش هەزار ئەندامی ڕێکخراوی داعش لە لای ئەوان دەستبەسەرن و ووڵاتەکانیان ئامادە نین بە هیچ لەونێک وەریان بگرنەوە.

بە پێی ڕاپۆرتێک ، عەبدۆلکەریم عومەر سەرۆکی فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی پەیەدە ڕایگەیاندووە کە دۆسیەی دەستبەسەرکراوە بیانییەکانی ناو داعش و خێزانەکانیان بووەتە مایەی قورسایەکی "گەورە" لەسەریان.

ڕاشیگەیاند کە تا ئێستا چەندین جار داوایان لە ووڵاتەکانی ئەو داعشیانە کردووە وەریانبگرنەوە و دادگاییان بکەن کە حکومەتی ئەو ووڵاتە بیانیانە تا ئێستاش ڕەتیانکردووەتەوە پێشوازی لەو هاووڵاتیانەیان بکەن، بۆیە داوای پێکهێنانی دادگایەکی نێودەوڵەتی تایبەتیان کردووە، کە بارەگاکەی لە باکووری سووریا بێت.

ئاماژەی بەوەشکردووە کە دۆسیەی زیندانیانی چەکدارانی داعش و ڕادەستکردنەوەیان بە ووڵاتەکانیان، لە دیارترین ئەو کێشانە کە لە تێکشکاندنی داعشەوە ڕووبەڕوویان بووەتەوە.

ووتیشی:  "نزیکەی ٦ هەزار چەکداری داعش لای ئێمە دەستبەسەرە، لە ناویشیاندا هەزار چەکداریان هاووڵاتی ٥٠ دەوڵەتی عەرەبی و ئەورووپین، ئەوانەی دیکەشیان سەرجەمیان سووری و عێراقین".

پێشتر ڕاپۆرتە ڕۆژنامەوانییەکان جەختیانکردووەتەوە، بەرپرسانی عێراق ئامادەیی خۆیان نیشانداوە بۆ دادگاییکردنی ٢٠ هەزار چەکداری داعش لە ووڵاتەکەیدا، بەو مەرجەی بڕی ١٠ ملیار دۆلاریان بۆ دابینبکرێت، وەک کرێی تێچوونی دادگایی کردنەکەیان.

لێدوانەکان (0)

هێشتا لێدوان نییە. یەکەمین لێدوان بنووسە!

لێدوانی خۆت بنووسە