دوای نەورۆز ١٠٠ میلیۆن دۆلار بۆ بەڵێندەران خەرج دەکرێت

دوای نەورۆز ١٠٠ میلیۆن دۆلار بۆ بەڵێندەران خەرج دەکرێت

پەیامی کورد  ...  سەرۆکی یەکێتی بەڵێندەرانی کوردستان دەڵێت، دوای نەورۆز و پێکھێنانی حکوومەت، کوردستان بەرەو ئاوەدانی و خۆشگوزەرانی دەڕوات، ساڵی ٢٠١٩ش ساڵی تێپەراندنی قەیرانەکانە. دەشڵێ، دەست بە تەواوکردنی پرۆژە تەواونەبووەکان دەکرێتەوە.

دوای ئەوەی سەرۆکایەتی ئەنجومەنی وەزیران و وەزارەتی دارایی حکوومەتی ھەرێم بڕیاریان دا بە خەرجکردنی ١٠٠ ملیۆن دۆلار بۆ بەڵێندەران، بۆ ئەم مەبەستەش سەرۆکی یەکێتی بەڵێندەرانی کوردستان، ئەم ھەنگاوی پێدانی پارەیە بە گرنگ و جێی دڵخۆشی بەڵێندەران دەزانێت."

د. سەرۆ دزەیی ، ڕایگەیاند: "لەم حەفتەیەدا وەزارەتی داراییی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان، بڕی ١٠٠ ملیۆن دۆلار بۆ بەڵێندەران خەرج دەکات، بە داناوەی ئەو قەرزەش دەتواندرێ پرۆژە تەواونەبووەکان دەست پێ بکەنەوە."

دزەیی هەروەها ووتی: "بە ھۆی ئەو قەیرانە ئاڵۆزەی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان نەتواندرا شایستە داراییەکانی بەڵێندەران لە کاتی خۆیدا بدرێت بۆ ئەوەی پرۆژەکانیان تەواو بکەن، بە پێدانی ئەم پارەیەش نەفەسێک دەبێت بۆ تێپەڕاندنی ئەو بارودۆخە قورسەی کە تێیدا بوون."

سەبارەت بە کۆی گشتی پرۆژە تەواونەبووەکان، سەرۆکی یەکێتیی بەڵێندەرانی کوردستان دەڵێت: "لە ھەرێمی کوردستان ٣٠٠٠ پرۆژە ڕاوەستاون،  لەو ڕێژەیەش ١٢٥٠ پرۆژە لە ھەولێرن، ئەو پرۆژانە پەیوەستن بە ژیانی ڕۆژانەی ھاووڵاتییان و پێویستە دەست بە تەواوکردنیان بکرێتەوە."

ناوبراو ئاماژە بەوە دەکات: "ئەو سەردانەی سەرۆک بارزانی بۆ بەغدا، وای کرد ئەو کێشانەی لە نێوان ھەولێر و بەغدایە چارەسەر بکرێت و توانرا پاشەکەوتی مووچەش ھەڵبگیرێت، چونکە لابردنی پاشەکەوتی مووچە کاریگەریی زۆر ئەرێنیی دەبێت و پڕۆژەی زیاتریش لە کوردستان جێبەجێ دەکرێن."

لێدوانەکان (0)

هێشتا لێدوان نییە. یەکەمین لێدوان بنووسە!

لێدوانی خۆت بنووسە