دوو بەندکراوی دیکەی کورد لەسێدارە دران

دوو بەندکراوی دیکەی کورد لەسێدارە دران

پەیامی کورد... دوو بەندکراوی دیکەی کورد لەسێدارە دران

سزای سێدارەی پێنج بەندکراو لە نێویاندا دوو هاووڵاتیی کورد بە ناوەکانی ئازاد دادوەند خەڵکی سەردەشت و کەیوان ئەمینی تەوەکول خەڵکی بانە، بۆ تۆمەتی پەیوەندیدار بە مادەی هۆشبەر لە بەندیخانەی ناوەندیی ئەراک جێبەجێ کرا.

بەپێی ڕاپۆرتێکی ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، بەرەبەیانی ڕۆژی چوارشەممە، ٢١ی بەفرانباری ٢٧٢٢ (١١ی جەنیوەری ٢٠٢٣)، سزای سێدارەی دوو هاووڵاتیی کورد بە ناوەکانی ئازاد دادوەند تەمەن ٤٠ ساڵ، خەڵکی سەردەشت و هەروەها کەیوان ئەمینی تەوکول تەمەن ٤٢ ساڵ، خەڵکی بانە لە بەندیخانەی ناوەندیی ئەراک جێبەجێ کرا.

هاوکات لەگەڵ لە سێدارەدانی ئەم دوو هاووڵاتییە کوردە، سێ کەسی دیکە لە سێدارە دراون کە هەتا ئێستا ناسنامەیان بۆ هەنگاو ئاشکرا نەبووە.

ئەم پێنج بەندکراوە پێشتر بە تۆمەتی پەیوەندیدار بە مادەی هۆشبەر دەستبەسەر کرابوون و لەلایەن دەزگای دادوەریی کۆماری ئیسلامییەوە سزای سێدارەیان بەسەردا سەپێندرابوو.

کەیوان ئەمینی و ئازاد دادوەند دوو ساڵ پێش دەستبەسەر کرابوون و لە بەندیخانەی ناوەندیی ئەراک بەند کرابوون.

بە پشت بەستن بە ئاماری تۆمارکراو لە ناوەندی ئامار و بەڵگەنامەکانی ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، لە ماوەی ١٢ ڕۆژی سەرەتایی ساڵی ٢٠٢٣، لانی کەم سزای سێدارەی ١٠ هاووڵاتی کورد لە بەندیخانەکانی کرماشان، کەرەج، بەندەر عەباس و ئەراک جێبەجێکراوە.
 

لێدوانەکان (0)

هێشتا لێدوان نییە. یەکەمین لێدوان بنووسە!

لێدوانی خۆت بنووسە