پەیامی کورد … سەندیکاى رۆژنامەنووسان نیگەرانى خۆى لە رووماڵی راستەوخۆی خۆسووتاندنى گەنجێك دەردەبڕێت
ئەنجوومەنى سەندیکاى رۆژنامەنووسانى کوردستان لە راگەیاندراوێکدا نیگەرانى خۆى لە رووماڵی راستەوخۆی خۆسووتاندنى گەنجێك دەردەبڕێت و رای دەگەیەنێت: "هێشتا میدیا و رۆژنامەنووسی ئێمە تەنها و تەنها بە دواى هەواڵەوەیە، نەک ناوەڕۆکى هەواڵ ورڕەهەند و لێکەوتەکانى".
لە راگەیاندراوەکەی ئەنجوومەنى سەندیکاى رۆژنامەنووسانى کوردستان کە کۆپییەکی بە (باسنیوز) گەیشتووە و تێیدا هاتووە: "بە داخەوە ئەو کەناڵ و ڕۆژنامەنووسانەى لە شوێنى ڕووداوەکە بوون، زۆر نابەرپرسانە خەریکى رووماڵى رووداوەکە بوون، بێ ئەوەى گوێ بدەنە ئەوەى کە دەبوو لە جیاتى گرنگیدان بە هەواڵى خۆسووتاندنەکەى، گیانى ناوبراویانرڕزگار بکردایە و نەیانهێشتایە خۆى بسوتێنێت و ئەوە دەبوە پیشەیيبوون و ئینسانیبوون و کارێکى مۆراڵى، کە دەیانتوانى ئەو کارە بکەن و نەیانکرد".
ئەوەش خراوەتە روو، "ئەم ڕووداوە پێمان دەڵێت، هێشتا میدیا و رۆژنامەنووسی ئێمە تەنها و تەنها بە دواى هەواڵەوەیە، نەک ناوەڕۆکى هەواڵ و رەهەند و لێکەوتەکانى، گەر وانییە، دەبوو رۆژنامەنووسەکان مایکەکان فڕێبدەن و باوەش بە گەنجەکەدا بکەن، ئەوە دەبووە هەواڵ و شانازى، نەک ئەوەى بە بەرچاوى ئەوانەوە روویداوە و بێدەنگ بوون".
دەقی راگەیاندراوەکە:
پاش ئەوەى ئەمڕۆ (18ى ئایارى 2021) ژمارەیەک پەنابەرى ڕۆژهەڵاتى کوردستان لە بەردەم بارەگاى نەتەوە یەکگرتووەکان لە شارى هەولێر کۆبوونەوە بۆ دەربڕینى ناڕەزایەتى لە بێ وەڵام مانەوەى کەیس و داواكانيان، هاوڵاتییەکى ڕۆژهەڵات بە ناوى (بێهزاد مەحمودى) ناسراو بە (محەمەد) بەنزینى بە خۆیدا کرد و لە بەردەم چەند ڕۆژنامەنووسێک ئاگرى لە جەستەى خۆى بەردا.
بە داخەوە ئەو کەناڵ و ڕۆژنامەنووسانەى لە شوێنى ڕووداوەکە بوون، زۆر نابەرپرسانە خەریکى ڕووماڵى ڕووداوەکە بوون، بێ ئەوەى گوێ بدەنە ئەوەى کە دەبوو لە جیاتى گرنگیدان بە هەواڵى خۆسوتاندنەکەى، گیانى ناوبراویان ڕزگار بکردایە و نەیانهێشتایە خۆى بسوتێنێت و ئەوە دەبوە پیشەیيبوون و ئینسانیبوون و کارێکى مۆراڵى، کە دەیانتوانى ئەو کارە بکەن و نەیانکرد.
ئەم ڕووداوە پێماندەڵێت، هێشتا میدیا و ڕۆژنامەنووسی ئێمە تەنها و تەنها بە دواى هەواڵەوەیە، نەک ناوەڕۆکى هەواڵ و ڕەهەند و لێکەوتەکانى، گەر وانییە، دەبوو ڕۆژنامەنووسەکان مایکەکان فڕێبدەن و باوەش بە گەنجەکەدا بکەن، ئەوە دەبوە هەواڵ و شانازى، نەک ئەوەى بە بەرچاوى ئەوانەوە ڕوویداوە و بێدەنگبوون.
ئێمە لە ئەنجومەنى سەندیکاى ڕۆژنامەنووسانى کوردستان، سەرەڕاى هاوخەمى، نیگەرانى خۆمان لە خۆسوتاندنى ئەو گەنجە دەردەبڕین و هەرچى زوترە خوازیارى چاکبوونەوەین.
لە هەمانکاتدا نیگەرانى خۆشمان لە پەیامنێرانى ئەو کەناڵانە ڕادەگەیەنین، کە دەبوو بە ئەرکى ئینسانى خۆیان هەستن، چونکە ڕۆژنامەنووس پێش هەر شتێک ڕێزگرتنە لە ئینسان و بەهاکانى مرۆڤایەتى.
ئەنجومەنى سەندیکاى ڕۆژنامەنووسانى کورستان
18/5/2021
هێشتا لێدوان نییە. یەکەمین لێدوان بنووسە!
لێدوانی خۆت بنووسە