کۆنفیدراسـیۆنی کوردانی دیاسـپۆڕا لە دژی ڕێککەوتنی لۆزان دەست بە پرۆسەی دادوەری دەکات

کۆنفیدراسـیۆنی کوردانی دیاسـپۆڕا لە دژی ڕێککەوتنی لۆزان دەست بە پرۆسەی دادوەری دەکات

پەیامی کورد... کۆنفیدراسـیۆنی کوردانی دیاسـپۆڕا لە دژی ڕێککەوتنی لۆزان دەست بە پرۆسەی دادوەری دەکات

کۆنفیدراسـیۆنی کوردانی دیاسـپۆڕا لە دژی ڕێککەوتنی لۆزان لە راگەیەندراوێكدا ئاشكرای كرد كە دەست بە پرۆسەی دادوەری دەکەن و لە توركیاوە دەست پێ دەكەن و ئەگەر وەڵامی ئەرێنی نەدرانەوە، ئەوا پەنا دەبەنە بەر کۆمیتەی باڵای مافی مرۆڤ لە نەتەوە یەکگرتووەکان.

لە راگەیەندراوەكەی کۆنفیدراسـیۆنی کوردانی دیاسـپۆڕادا هاتووە: "لە ٢٤ی تەممووزی ٢٠٢٣دا، ســەدەمین ساڵی پەیمانی لۆزان کۆتایی دێت. ئەو دەوڵەتانەی ڕێککەوتنەیان واژۆ کرد، گرنگترین بنەماکانی مافە نێودەوڵەتییەکانیان پێشـێل کرد و ماف و ئازادییە ســەرەتاییەکانیان لە هاووڵاتییان زەوت کرد. لە دوای جەنگی جیهانی یەکەم، چەندین دەوڵەتی نوێ دامەزران، نەتەوەکان ئازاد کران و سـیستەمێکی نوێی جیهانی دامەزرا. گەلی کورد لە لۆزان بە دیل گیرا، تەنانەت مافی قســەکردنیشی پێ نەدرا و نەیانهێشــت نوێنەرانی کورد نوێنەرایەتیان بکەن."

کۆنفیدراسـیۆنی كوردان ئاماژەی بەوە داوە: "دوای پەیمانی لۆزان، نوێنەرانی دەوڵەتی نوێی تورکیا بەرژەوەندییەکانیان کردە بنەما و ئاشتییان تەنیا بۆ خۆیان مسـۆگەر کرد. ئەم (ئاشتی)یە لەسـەر بنەمای نکــۆڵیکردنی گەلی کورد دامەزرا. دامەزرێنەرانی دەوڵەتی داهاتووی تورکیا هەمیشە دەیانگوت ئێمەش نوێنەرایەتی کورد دەکەین. کورد لە پەرلەمانی تورکیا و لە حکوومەتدا مافی یەکسانی هەیە، بەڵام دوای دامەزراندنی دەوڵەتەکەی، بوونی نەتەوەی کوردیان ڕەت کردەوە."

هەروەها دەشڵێ: "لە ئەنجامی ئەم ڕێکكەوتنە، کورد ماوەی سـەد ساڵە لە مافە نەتەوەییەکانی بێبەش کراوە. لە ماوەی ئەو سەد ساڵەدا، سەدان هەزار کورد کوژران و ملیۆنان کورد دەربەدەر کران و هەزاران گوند ســووتێنران و وێران کران. کوردســتانیان کردە ناوچەیەکی ئاسەمیلەکراو. شوێنەوارە مێژووییەکانی کوردســتانیان تاڵان کرد و ئەوانەی تاڵان نەکرابوون لە ژێر ئاودا بەجێمان. سـروشتی کوردستان کە وڵاتێکی پڕ دارســتانە، ئێســتا وێران کراوە و تا ئەمڕۆش وێرانکارییەکەی بەردەوامە."

لە كۆتایی راگەیەندراوەكەی کۆنفیدراسیۆنی کوردانی دیاسـپۆڕا – دیاکورد هاتووە كە بڕیاریان داوە داواکاری پێــشکەش بە دادگا بکەن بە مەبەســتی کۆتاییهێنان بە دەســتبەسەراگرتنی مافەکانی کورد بەپێی پەیمانی لۆزان و دەڵێ: "بۆ ئەوەی گەلەکەمان مافی چارەی خۆنووسین وەربگرێت و ئەو پرەنسیپە بەکاربهێنێت کە لە یاسای نێودەوڵەتییەکان بڕیاری لەسەر دراوە، پارێزەرەکەمان بە فەرمی داواکارییەکی نووسراوی پێشــکەش بە کابینەی سەرکۆماری تورکیا کردووە بۆ جێبەجێکردنی داواکارییەکانمان. ئەگەر لەم پرۆســە یاســاییەدا، وەڵامێکی ئەرێنی نەدرێینەوە، ئەوا بۆ ڕای گشتی ڕادەگەیەنین و ســەرەتا داواکاری پێشکەش بە ڕێکارە یاســاییە ناوخۆییەکان لە تورکیا دەکەین و دواتر داواکاری پێشکەش بە کۆمیتەی باڵای مافی مرۆڤ لە نەتەوە یەکگرتووەکان دەکەین."

لێدوانەکان (0)

هێشتا لێدوان نییە. یەکەمین لێدوان بنووسە!

لێدوانی خۆت بنووسە