پەیامی کورد... تاڵیبان پێدانی مۆڵەتی شۆفێری بە ژنان قەدەغە دەکات
بەرپرسی نووسینگەی بەڕێوەبەرایەتی هاتووچۆ لە شاری هیرات ڕایگەیاند، تاڵیبان داوای لێکردوون چیتر ڕێگا نەدەن ژنان مۆڵەتی شۆفێریی دەربهێنن و ژنانی ئەفغانیش لە بڕیارەکە ناڕازین.
جان ئاغا ئاچاکزای بەرپرسی نووسینگەی بەڕێوەبەرایەتی هاتووچۆ لە شاری هیرات ئاماژەی بەوەدا، لە لایەن تاڵیبانەوە داوایان لێکراوە کە چیتر مۆڵەتی شۆفێریی بە خانمان نەدەن، بەڵام فەرمانیان پێنەکراوە کە ڕێگا بە خانمان نەدەن کە لە ناو شارەکەدا شۆفێریی بکەن و ەتیشی شارەکەیان زۆرترین شۆفێری ژنی تێدایە.
لای خۆشییەوە عادیلە عادل کە ژنێکی تەمەن ٢٩ ساڵە و ڕێنماییکاری شۆفێرییە و خاوەنی نوسینگەیەکی ڕاهێنانی شۆفێرییە ئاماژەی بەوەدا، "تاڵیبان دەیەوێت نەوەی داهاتوو ئەو مافانەی نەبێت کە دایکیان هەیانبووە، بۆیە پێمان وتراوە کە وانەی شۆفێریی بە هیچ خانمێک نەڵێینەوە و مۆڵەتی شۆفێریشیان پێ نەدەین "
هاوکات، نەییم ئەلحەق حەقانی بەرپرسی بەشی زانیاری و ڕۆشنبیری ڕایگەیاند کە بە فەرمی هیچ فەرمانێکیان لەو بارەیەوە پێ نەکراوە.
ئەمەش لە کاتێکدایە، تاڵیبان بە شێوەیەکی بەرچاو خۆی بەر دوور دەگرێت لە دەرکردنی فەرمانی نووسراو و گشتی، لەبری ئەوە فەرمانەکانیان تەنیا بە شێوەیەکی زارەکییە و دەسەڵاتدارانی ناوچە جیاوازەکانی ئەفغانستان بەتەواوی مافی ئەوەیان هەیە فەرمان دەربکەن و دەشبێت لەلایەن هاووڵاتییانەوە جێبەجێ بکرێت.
هێشتا لێدوان نییە. یەکەمین لێدوان بنووسە!
لێدوانی خۆت بنووسە