پەیامی کورد.. پووتین و ڕەئیسی: نابێت تورکیا ئۆپەراسیۆن لە ڕۆژئاوای کوردستان ئەنجام بدات
سەرۆکی ڕووسیا ڕەجەب تەییب ئەردۆغان بێ ئومێد دەکات لەبارەی ئۆپەراسیۆنی سەربازی بۆ سەر ڕۆژئاوای کوردستان و عەلی خامنەیی ۆابەری کۆماری ئیسلامی ئێران هۆشداری توندی داوەتە سەرۆکی تورکیا.
لە کۆبوونەوەی لووتکەی سەرۆکانی (ڕووسیا، ئێران و تورکیا) لە تارانی پایتەختی ئێران ئەنجامدراو دەرەنجامی کۆبوونەوەکان بە دڵی ئەردۆغان نەبووە.
ئیبراهیم ڕەئیسی، سەرۆک کۆماری ئێران ڕایگەیاند، پێویستە دۆخی سووریا بە ڕێگەی ئاشتی چارەسەر بکرێت، دەستوەردانی دەرەکی دۆخی ئەم وڵاتە ئاڵۆزتر دەکات» سەروەری خاکی سووریا هێڵی سوورە، دەبێت کۆتایی بە چالاکییەکانی تیرۆر لەم وڵاتە بهێندرێت».
هاوکات ڤلادیمیر پووتین، سەرۆکی ڕووسیاش ئاماژەی بەوە کرد کە دوای ئەم کۆبوونەوەیە دەست بە گفتوگۆی سیاسی بنیاتنەر لەبارەی دۆخی سووریا دەکەن، کە دەبێت کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی و نەتەوە یەکگرتووەکان هاوکاری دیمەشق بکەن» پێویستە هەوڵەکان بۆ چارەسەرکردنی قەیرانی سووریا چڕ بکرێتەوە و دۆخەکە بەرەو ئاساییبوونەوە ببرێن نەک ئاڵۆز بکرێت».
میدیاکانی ئێران ئەوەیان بڵاو کردەوە، دیدارەکانی سێ قۆڵی تاران بە دڵی ئەردۆغان نەبوون و بێزاری و تووڕەیی بە ئەردۆغانەوە دیار بووە، چونکە پووتین و ڕەئیسی دژی ئۆپەراسیۆنی تورکیا بوون و ڕایانگەیاندوە» نابێت تورکیا ئەو ئۆپەراسیۆنە ئەنجام بدات».
هەروەها چەند میدیایەکی ئێرانیش باسیان لەوە کردووە، خامەنەیی بە شێوەیەکی ڕوون و ڕاشکاو بە ئەردۆغانی ڕاگەیاندووە، کە ئەوان دژی ئۆپەراسیۆنی تورکیان و پێویستە جووڵە سەربازییەکانی ڕابگرێت.
لای خۆشییەوە ڕەجەب تەییب ئەردۆغان ڕایگەیاند» وڵاتەکەمان مەترسی لەسەرەو لە چەند لایەکەوە ڕێکخراوە تیرۆرستییەکان هێرش دەکەنە سەر وڵاتەکەمان، بۆیە ئێمە پێویستە ئەو هەڕەشانە نەهێڵین».
ئاماژەی بەوەشکردوە، هیچ جیاوازییەک لە نێوان ڕێکخراوە تیرۆریستییەکانی ناو سووریا نابینێت و بەوتەی خۆی ئەوان چالاکن و بەردەوام لە ئەنجامدانی هێرشەکانیان.
ئەردۆغان وتیشی:»ئەو ڕێکخراوانە خاکی سووریا دابەش دەکەن، ئەوان مەترسین بۆ سەر سەقامگیری و ئاسایشی تورکیا، بۆیە پێویستە ڕووبەڕووی ڕێکخراوە تیرۆریستییەکان لە سووریا ببینەوە»
هێشتا لێدوان نییە. یەکەمین لێدوان بنووسە!
لێدوانی خۆت بنووسە