فرۆشتنی دەرمان بە قاچاخ بەرەوڕووی سزای قورس دەبێتەوە

فرۆشتنی دەرمان بە قاچاخ بەرەوڕووی سزای قورس دەبێتەوە

پەیامی کورد   ...   قایمقامی قەزای ناوەندی ھەولێر گوتی، ھەڵمەتی داخستنی كۆگاكان و ئەو دەرمانخانانەی دەرمان بە قاچاغ ھاوردە دەكەن بەردەوامە و ھەر دوێنێش ژمارەیەكیان داخراون. دەشڵێ، ھەر كەسێك بە قاچاغ دەرمان بفرۆشێت یان هاوردەی بكات، سزا دەدرێت و دەستگیر دەكرێت.

نەبەز عەبدولحەمید، قایمقامی قەزای ناوەندی ھەولێر رایگەیاند، ماوەیەكی زۆرە ھەڵمەتێكیان بۆ نەھێشتنی دەرمانی قاچاغ دەست پێكردووە و بەردەوامن، ھەر دوێنێش دوو كۆگای دەرمان و نۆ نۆڕینگە و دەرمانخانە لە سنووری شاری ھەولێر داخراون بە ھۆی فرۆشتنی دەرمانی نایاسایی و قاچاغەوە، كە وەك ناوبراو گوتی، ئەو ھەڵمەتە بەردەوام دەبێت تاوەكو سەرپێچییەكان بە تەواوی بنبڕ دەكرێن.

بە گوتەی عەبدولحەمید، ئەوانەی دەرمان بە قاچاغ دەفرۆشن یان هاوردەی دەكەن، سزای توند دەدرێن و دەستگیریش دەكرێن، هەروەها شوێنەكەشیان دادەخرێت و دەرمانەكانیش لەناو دەبرێن.

قایمقامی ھەولێر باسی لەوەش كرد، لە دوای دەستپێكردنی ھەڵمەتەكەوە، تاوەكو ئێستا بە دەیان شوێن داخراون و بە دەیان كەسیش دەستگیر كراون و سزای تووند دراون.

لێدوانەکان (0)

هێشتا لێدوان نییە. یەکەمین لێدوان بنووسە!

لێدوانی خۆت بنووسە