جێگری ئیدارەی راپەڕین ڕایگەیاند ، شه‌ش ملیار و 146 ملیۆن دینارمان بۆ تەرخان كراوه‌

جێگری ئیدارەی راپەڕین ڕایگەیاند ، شه‌ش ملیار و 146 ملیۆن دینارمان بۆ تەرخان كراوه‌

پەیامی کورد    ...    لە سەرەتای كەمبوونەوەی قەیرانی دارایی لە هەرێمی كوردستان و دەستبەكاربوونی كابینەی نۆیەمی حكوومەتی هەرێمی كوردستان، دەست كراوە بە كاركردن لە تەواوی ئەو پڕۆژانەی لە هەرێمی كوردستان بە ‌گشتی وەستابوون، دەڤەری ڕاپەڕینیش بەدەر نییە لەو پڕۆژانە و بڕی 6 ملیار و 146 ملیۆن دیناری بۆ تەرخان كراوە.

جێگری سەرپەرشتیاری ئیدارەی ڕاپەڕین، ئەندازیار دلاوەر قوباد ، ڕایگەیاند: "لە دەڤەری ڕاپەڕین لە ‌سەرەتای دەستبەكاربوونی كابینەی نوێوە دەست كراوە بە تەواوكردنی پڕۆژە تەواونەكراوەكان و پێدانی بودجە بۆ بەردەوامبوونی پرۆژەكان، حكوومەتی هەرێمی كوردستان بە سێ قۆناغ پارەی دابین كرد بۆ ئیدارەی ڕاپەڕین، كە تا ئیستا دوو قۆناغیان ئامادەیە، یەكێكیان بریتییە لە دابینكردنی ملیارێك و 491 ملیۆن دینار بۆ ئەو پڕۆژانەی سەدا 85ـیان تەواو كراوە و لە ئێستادا خاوەن كۆمپانیا و تەندەرەكان دەتوانن پارەكانیان وەربگرن و پارەكە ئامادەیە، هەروەها  3 ملیار و 485 ملیۆن دیناری تریش بۆ ڕێژەی سەدا 75 بەسەرەوەی ئەو پڕۆژانەی تەواو بوونە كە لە 10ـی1ـی2020ـدا دەتوانن پارەكانیان وەربگرن، ئەنجوومەنی وەزیرانیش ئەم بڕە پارانەی تەواو دابین كردووە بۆ كۆمپانیا و تەندەرەكان، بەڵام ئەو كۆمپانیایەی كە تا ئێستا هیچ بڕە پارەیەكی وەرنەگرتبێ بۆ تەواوكردنی پڕۆژەكەی، كەمتەرخەمی لە خۆیاندایە و ڕێكارە یاساییەكانیان تەواو نەكردووە، ئەگینا پارەكە ئامادەیە و پێیان دەدرێ."

ئەندازیار دلاوەر گوتیشی: "بڕە پارەیەكی تر لە لایەن ئەنجوومەنی وەزیرنەوە بۆ ئەو پڕۆژانە تەرخان كراوە، كە لەم دوو قۆناغەدا نین و خۆمان پڕۆژەكان دیاری دەكەین و دەینێرین بۆ ئەنجوومەنی وەزیران و پارەكە سەرف دەكرێت، كە بڕەكەی ملیارێك و 170 ملیۆن دیارە و بڕیاری لەسەر دراوە كە سەرف بكرێت، كۆی گشتیی ئەو بڕە پارانەی دابین كراوە، دەكاتە 6 ملیار و 146 ملیۆن دینار."

جێگری سەرپەرشتیاری ئیدارەی ڕاپەڕین دەشڵێت: "لە ساڵی 2019 نزیكەی 10 ملیار دینار بۆ قەزای ڕاپەڕین دابین كرابوو، كە 6 ملیار و 436 ملیۆن دینار بۆ پڕۆژەكان دابین كرابوو لەگەڵ 3 ملیار و 665 دیناری یەدەگ بۆ پڕۆژە كۆنەكان، بەڵام لەبەر ئەوەی باری دارایی حكوومەت زۆر باش نییە، بۆمان كرا بە سێ قۆناغ و بۆمان دابین كراوە، كە كۆی گشتیی پڕۆژەكان 45 پڕۆژەن."

لێدوانەکان (0)

هێشتا لێدوان نییە. یەکەمین لێدوان بنووسە!

لێدوانی خۆت بنووسە