ڕاگه‌ێندراوێک لە ووته‌بێژی پارتی دیموكراتی كوردستانەوە

ڕاگه‌ێندراوێک لە ووته‌بێژی پارتی دیموكراتی كوردستانەوە
پەیامی کورد   ...  ڕاگه‌ێندراوێک لە ووته‌بێژی پارتی دیموكراتی كوردستانەوە

لە کۆڕێک لە دەرەوەی ووڵات، سه‌رۆكی یه‌كێتی نیشتمانی كوردستان، په‌یوه‌ندییه‌كانی نێوان پارتیمان و حزبه‌كه‌ی به‌ خراپ له‌ قه‌ڵه‌م داوه‌ و، هۆكاری خراپیه‌كه‌شی خستووەته‌ ئه‌ستۆی پارتیمان وه‌كوو ئه‌وه‌ی ئێمه‌ی پارتی گرفت‌ و جیاوازیه‌كانمان یه‌كلایه‌نه‌ درووستكردبێ!… دیاره‌ له‌ بیریان چۆته‌وه‌ كه‌ له‌ زۆربه‌ی وێستگه‌كاندا سه‌ره‌ڕای هاوبه‌شیان له‌ حوكمرانی كه‌چی له ‌لایه‌نه‌كانی ئۆپۆزسیۆن زیاتر كێشه‌ و گرفتیان دروست ده‌كرد بۆ كار و چالاكییه‌كانی حكوومه‌ت.

لە قسەکانیدا باس له‌ كێشه‌كانی پارێزگای سلێمانی ده‌كات به‌بێ خستنەڕووی ڕاستیه‌كان و، باس لەوە ناکات کە حزبه‌كه‌ی هۆكاری سه‌ره‌كییه‌ و ڕێگربووه‌ له‌ ئاوه‌دانكردنه‌وه‌ و جێبه‌جێكردنی پڕۆژه‌ خزمه‌تگوزارییه‌كان و تا ده‌گاته‌ بابه‌تی ئه‌منیەت و ده‌ستبه‌سه‌رداگرتنی داهاتی ناوخۆی پارێزگاكه و تەواوی ئەو سنوورە، ئەوەیش ڕوونناکاتەوە کە حزبه‌كه‌ی بووه‌ته‌ به‌دیلی حكومه‌ت و ناهێڵێ دامه‌زراوه‌ شه‌رعییەکان ڕۆڵی خۆیان ببینن و، ناشڵێت ئه‌و هه‌موو ئیمكاناته‌ له‌ كوێ به‌ده‌ستده‌هێنن كه‌ له‌ جیاتی دامه‌زراوه‌كانی حکوومەت پاره‌ سه‌رفبكه‌ن.
له‌لایه‌كی دیكه‌وه‌ له‌بیری چوەته‌وه‌ كه‌ چۆن دامه‌زراوه‌كانی حكوومه‌تی فیدڕاڵی و دادگای فیدڕاڵی هێناوه‌ته‌ ناو پرۆسه‌ی حوكمرانی هه‌رێم و چه‌نده‌ چاره‌سه‌ری كێشه‌كانی به‌و بابه‌ته‌ ئاڵۆزكردووه‌.

پارتی یه‌ك مه‌رجه‌عیه‌ت و یه‌ك هه‌ڵوێستی هه‌بووه‌ و ئه‌وه‌ی بڕیاری لێده‌درێت جێبه‌جێ ده‌كرێت، ئه‌وه‌ ئاواتی ئه‌وانه‌ هاوشێوه‌ی خۆیان له‌ كوردستاندا په‌یدابكه‌ن، با دڵنیا بێت مه‌رجه‌عیه‌ت و یه‌ك هه‌ڵوێستی پارتی له‌ هیچ وێستگه‌یه‌ك نه‌گۆڕاوه‌ و له‌مه‌ودواش ناگۆڕدرێت. ئه‌گه‌ر پارتی په‌یوه‌ندی خۆی له‌گه‌ڵ حزبه‌كه‌ی ئه‌و له‌سه‌ر ئه‌ساسی قسه‌كردن و ووتاری كادیر و سه‌ركردایه‌تییه‌كانیان ڕێكخست بووایە ده‌بوو هیچ كۆبوونه‌وه‌یه‌ك ئه‌نجام نه‌درابا،‌ به‌ڵام ئه‌گه‌ر ئیڕاده‌ی ڕێككه‌وتن له‌ ده‌ست خۆیاندا نه‌بوو بیانوو زۆرن بۆ تێكدانی زه‌مینه‌ی ته‌فاهوم و لێك نزیكبوونه‌وه‌.

خه‌ڵكی كوردستان ئاگادارده‌كه‌ینه‌وه‌ كه‌ پارتیمان جیددیە لە چارەسەرکردنی کێشەکان و فەراهەمکردنی کەشێکی ئارام بۆ هاووڵاتیان و یەکڕیزی و پێشخستنی پرۆسەی سیاسی لە کوردستاندا، هەروەکو ئاشکرایشە باسكردنی كێشه‌ و جیاوازییه‌كان به‌و شێوازه‌ و بردنیان بۆ ده‌ره‌وه‌ی هه‌رێم ئاماژه‌یه‌كی نوێ نییه‌ بۆ به‌خه‌مه‌وه‌نه‌بوونی یه‌كڕیزی ناوماڵی كوردستانی.

 

ووته‌بێژی پارتی دیموكراتی كوردستان
١٣ـی ٧ـی٢٠٢٣

لێدوانەکان (0)

هێشتا لێدوان نییە. یەکەمین لێدوان بنووسە!

لێدوانی خۆت بنووسە