پەیامی کورد ... هۆشداری لە مەترسی سەرهەڵدانەوەی بەهێزی کۆرۆنا دەدرێت
چەند ڕۆژێکە شەپۆلی کۆرۆنا لە سنووری پارێزگای دھۆک گەیشتووەتە ئاستێکی مەترسیدار و بەڕێوبەری گشتی تەندرووستی پارێزگای دھۆکیش ھۆشداری دەدات لەوەی هاووڵاتییان خۆپارێزی نەکەن و ڕێژەکە بەرز ببێتەوە.
د. نزار عسمەت، بەڕێوبەری گشتی تەندرووستی دھۆک ڕایگەیاند: "لە نەخۆشخانەکانی دھۆک بەگوێرەی پڕۆتۆکۆل تووشبووانی کۆرۆنا چارەسەر دەکرێن، ئامێر و چارەسەری پێویست دابین کراوە، بەداخەوە ڕێژەی مردن گەیشتووەتە ٢% و ئەوەش ھۆکارەکەی بۆ زیادبوونی ڕێژەی تووشبوونی هاووڵاتییان دەگەڕێتەوە، پێداچوونەوەمان بە ڕەوشی تەندرووستیدا کردووە و ھەرچی پێویست بێت ڕێکاری چارەسەری دەگرینەبەر.
تا ئێستا لە پارێزگای دھۆک ١١ھەزار و ٥٠٠ کەس تووشی ڤیرووسی کۆرۆنا بوونە و ٢٢٦ ھاووڵاتیش بەوھۆیەوە گیانیان لەدەست داوە و ڕۆژانە زیاتر لە ٢٠٠ حاڵەتی نوێ تۆمار دەکرێن.
بەڕێوبەری گشتی تەندرووستی دھۆک ووتی: "تا ئێستا ٥٦٨ کارمەند و پزیشک لە ناوەندەکانی چارەسەرکردن تووشی ڤیرووسی کۆرۆنا بوونە و چوار لەوانەش بەو ھۆیەوە گیانیان لەدەست داوە، ئێمە بەھۆی زۆریی ژمارەی نەخۆش، نەخۆشخانەی ئازادیی شاری دھۆک تایبەت دەکەین بە چارەسەری کۆرۆنا".
د. نزار عسمەت ڕوونی کردەوە: "پلانی بەڕێوبەرایەتی گشتی تەندرووستی ئەوەیە نەخۆشخانەی ئازادی تەرخان بکرێت بۆ نەخۆشەکان و تەنیا تایبەت نەبێت بە چارەسەری کۆرۆنا، چەندین کارگەی بەرھەمھێنانی ئوکسیژن زیاد کراون و لە زۆربەی نەخۆشخانەکان دەمانەوێت ئوکسیژن مەرکەزی جێبەجێ بکەین."
دکتۆر نزار عسمەت داوای لە هاووڵاتییانی دھۆک کرد، تا بکرێت خۆیان بپارێزن و ڕێنماییەکانی خۆپارێزی وەک خۆی جێبەجێ بکرێن و لە کاتی دەرکەوتنی نیشانەکانی کۆرۆنا خۆیان کەرەنتین بکەن و لە کاتی پێویست سەردانی نەخۆشخانەکان بکەن بۆ وەرگرتنی چارەسەری."
لەبارەی ڕاگەیاندنی قەدەغەی ھاتوچۆوە، دکتۆر نزار عسمەت دەڵێت: "ئێمە وەک تەندرووستی لەگەڵ ئەوەداین قەدەغەی ھاتووچۆ ڕابگەیندرێت ، چوونکە ھاوکارمان دەبێت لە کەمکردنەوەی ڕێژەی تووشبوون، بەداخەوە ڕۆژانە زۆرترین ڕێژەی تووشبوونی کۆرۆنا لە پارێزگای دھۆکە."
هێشتا لێدوان نییە. یەکەمین لێدوان بنووسە!
لێدوانی خۆت بنووسە