هێزەکانی تورکیا دوو کۆڵبەری کوردیان کوشت

هێزەکانی تورکیا دوو کۆڵبەری کوردیان کوشت

پەیامی کورد … هێزەکانی تورکیا دوو کۆڵبەری کوردیان کوشت

لە ئەنجامی دەسرێژی هێزە چەکدارەکانی تورکیا لە سنووری نێوان ئێران و تورکیا لانیکەم دوو کۆڵبەری خەڵکی گوندێکی ئورمیە کوژران و سێ کۆڵبەری دیکەش بریندار کراون.

بە گوێرەی هەواڵێکی رێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، ئێوارەی ڕۆژی دووشەممە ٢٠ی ئایاری ٢٠٢١، لە کوێستانەکانی سنووری پارێزگای وان لە باکووری کوردستان، هێزە چەکدارەکانی تورکیا کاروانێکی کۆڵبەرانیان کردووەتە ئامانج و لانیکەم دوو کۆڵبەر کوژرا و سێ کۆڵبەری دیکە بریندار بوو.

ناسنامەی ئەو دوو کۆڵبەرە کە کوژراون "ئالیشان حەیدەری" تەمەن ١٨ ساڵ و "سۆزدار ئەحمەدی" تەمەن ٢١ ساڵ ڕاگەیەندراوە کە سۆزدار مانگێک پێش ژیانی هاوبەشی پێک هێنابوو.

شایانی باسە ئەم کۆڵبەرانە خەڵکی گوندی "کوران"ی سەر بە ناوچەی سۆما و برادۆستی ئورمیە بوون و هەتا ئێستا ناسنامەی باقی کۆڵبەرەکان ئاشکرا نەبووە.

ڕاپۆرتەکان باس لەوە دەکەن کە هێزە چەکدارەکانی تورکیا لانیکەم پێنج کۆڵبەری دیکەیان دەستبەسەر کردووە.

بەپشتبەستن بە ئاماری تۆمارکراو لە ناوەندی ئامار و بەڵگەنامەکانی ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، لە سەرەتای ساڵی ٢٠٢١ هەتا ئێستا (٩ مانگ) لانیکەم ٥ کۆڵبەری خەڵکی شارەکانی ئورمیە، چالدێران، ماکۆ و کۆتۆڵ لەلایەن هێزەکانی تورکیا کوژراون و ٦ کۆڵبەری دیکەش بریندار بوون.

لێدوانەکان (0)

هێشتا لێدوان نییە. یەکەمین لێدوان بنووسە!

لێدوانی خۆت بنووسە