سوپای رژێمی سووریا لە شاری عەفرین لە رۆژئاوای کوردستان دەکشێتەوە و سەنگەرەکانی لە باشووری ئەو شارە توندوتۆڵ دەکات.
رۆژی دووشەممە 12/3/2018، رووانگەی سووری بۆ مافەکانی مرۆڤ رایگەیاندووە، سوپای رژێمی سووریا لە دەرەوەی شارەکانی نوبل و زەهرا لە باشووری عەفرین پشتێنەیەکی ئەمنیی توندوتۆڵی دروست کردووە بۆ پاراستنی ئەو ناوچانە لە هێرشی سوپای تورکیا.
هەرچەندە سوپای رژێمی سووریا و یەکینەکانی پاراستنی گەل (یەپەگە) رێک کەوتبوون لەسەر چوونی هێزێکی سەر بەو رژێمە بۆ عەفرین، بە مەبەستی شەڕکردن لە دژی سوپای تورکیا، بەڵام دوای نزیکبوونەوەی سوپای تورکیا لە عەفرین، سوپای رژێمی سووریا کشایەوە.
رۆژی 20/2/2018 هێزەکانی رژێمی سووریا بە رێککەوتن لەگەڵ یەپەگە گەڕانەوە شاری عەفرین.
پێشتر نوری مەحمود، گوتەبێژی یەپەگەی باڵی سەربازیی پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە) لە رۆژئاوای کوردستان، رایگەیاندبوو، ئەو هێزە سوورییانە لەسەر سنووری عەفرین بەڕووی هێزە تورکییەکان جێگیر دەبن.
لە رۆژی 20/1/2018ـەوە، سوپای ئازادی ئۆپۆزیسیۆنی سووریا و سوپای تورکیا بە بەکارھێنانی ھێزی ئاسمانی، زەمینی و تۆپخانە، لەژێر ناوی ئۆپەراسیۆنی (چلە زەیتوون)، ھێرشیان کردووەتە سەر شاری عەفرین لە رۆژئاوای کوردستان.
هێشتا لێدوان نییە. یەکەمین لێدوان بنووسە!
لێدوانی خۆت بنووسە