بەریتانیا سیستەمی مووشەک هەڵدەری ئێم ٢٧٠ بۆ ئۆکراینا دەنێرێت

بەریتانیا سیستەمی مووشەک هەڵدەری ئێم ٢٧٠ بۆ ئۆکراینا دەنێرێت

پەیامی کورد... بەریتانیا سیستەمی مووشەک هەڵدەری ئێم ٢٧٠ بۆ ئۆکراینا دەنێرێت

بەریتانیا سیستەمی مووشەک هەڵدەری جۆراوجۆر دەنێرێت بۆ ئۆکراینا تاوەکوو ئەو وڵاتە بتوانێت لە دووری ٨٠ کیلۆمەترەوە ئامانجەکانی بپێکێت، ئەمەش وەکوو وەڵامێک بۆ داگیرکارییەکەی ڕووسیا و لە هەنگاوێکدا کە بە هەماهەنگی بووە لەگەڵ ئەمریکادا.

ئاژانسی ڕۆیتەرز بڵاوی کردەوە، وەزیری بەرگری بەریتانیا بێن واڵاس وتی پشتیوانی بەریتانیا بۆ ئۆکراینا لەگەڵ پەرەسەندنی تەکتیکەکانی ڕووسیادا دەگۆڕێت، هاوکات باسی لە سیستەمی مووشەک هەڵدەری ئێم ٢٧٠ کرد و وتی وەکوو دیاری دەدرێت بە ئۆکراینا.

وەزیری بەرگری بەریتانیا ئاماژەی بەوەش کرد" ئەم سیستەمە مووشەک هەڵدەرە جۆراوجۆرە بەتوانایانە وادەکەن هاوڕێ ئۆکراینییەکانمان بتوانن باشتر خۆیان دژی تۆپهاوێژە مەودا درێژەکان بپارێزن، کە هێزەکانی پووتین بەبێ جیاکاری بۆ خاپوورکردنی شارەکان بەکارییان هێناون."

هەفتەی ڕابردوو سەرۆکی ئەمریکا جۆو بایدن وتی واشنتن سیستەمی مووشەکی جووڵە پێکراوی ئێم ١٤٢ یاخود هیمارس دەدات بە ئۆکراینا، ئاماژەشی بەوەدا کیێڤ دڵنیایی داوە لەسەر ئەوەی ئەو سیستەمە مووشەکییە بەکارنەهێنن بۆ هێرش کردنە سەر ئامانجەکانی سەر خاکی ڕووسیا.

پووتینیش دەڵێت ڕەوانەکردنی چەک بۆ ئۆکراینا " شتێکی نوێ نییە " بەڵام هۆشداریدا لەسەر ئەوەی ئەگەر ئەمریکا مووشەکی مەودا درێژ بۆ سیستەمی هیمارس ڕەوانەی ئۆکراینا بکات ئەوا ڕووسیا وەڵام دەداتەوە.

وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا وتی واشنتن چوار سیستەمی مووشەکی هیمارسی ئێم ١٤٢ و سیستەمی مووشەک هەڵگری جۆراوجۆری دیکە دەدات بە ئۆکراینا کە مەوداکەی ٤٠ کیلۆمەترە.

بەریتانیا وتی مەشق بە هێزەکانی ئۆکراینا دەکرێت لەسەر چۆنیەتی بەکارهێنانی مووشەک هەڵدەرە نوێیەکانی بەریتانیا، ئەوەش دوای ئەوەی لە ماوەی ڕابردوودا وتی مەشق بە هێزەکانی ئۆکراینا دەکات لەسەر چۆنیەتی بەکارهێنانی ئۆتۆمبێلە زرێپۆشەکان.

 

لێدوانەکان (0)

هێشتا لێدوان نییە. یەکەمین لێدوان بنووسە!

لێدوانی خۆت بنووسە