پەیامی کورد ... هێزی پێشمەرگە و هێزی عێراقی ڕێکەوتن
جێگری سەرۆكی ئەركان بۆ ئۆپراسیۆنەكان لە وەزارەتی پێشمەرگەی حكوومەتی ھەرێمی كوردستان رایگەیاند، دوای ئەوەی ھێزێكی عێراقی ھاتنە پێش لە سنووری خانەقین و ھێزی پێشمەرگەش داوای كشانەوەی ئەو ھێزانەی كرد، ھەردوو وەزارەتی پێشمەرگە و بەرگری رێككەوتن، كە ئەو ھێزانە بڵاوەیان پێ بكرێت و لەگەڵ ھێزی پێشمەرگە ئەو بۆشاییەی لە ناوچەكە ھەیە، پێی پڕ بكەنەوە.
لیوا قارەمان كەمال، ڕایگەیاند : "دوای ئەوەی ھێزێكی عێراقی ٥٠٠ مەتر لە ھێزی پێشمەرگە نزیك بوونەوە و نەكشانەوە، ئێمە پەیوەندیمان بە بەغداوە كرد كە پێویستە ئەو ھێزانە بكشێنەوە، بۆیە بەپێی رێككەوتنێك لە نێوان وەزارەتی پێشمەرگە و وەزارەتی بەرگری عێراق، ئەو كێشەیە چارە كرا".
جێگری سەرۆكی ئەركان بۆ ئۆپراسیۆنەكان لە وەزارەتی پێشمەرگە ووتیشی: "بڕیاردرا كە ئەو ھێزانە بەھاوبەشی لەگەڵ ھێزی پێشمەرگە لەو ناوچە بڵاوەیان پێ بكرێت، كە ھەردوو ھێزی پێشمەرگە و سوپای عێراقی دەیانویست بچنە ئەو شوێنانە و بۆشایی ئەمنی هەبوو، بەڵام لە ئێستادا ئەو بۆشاییە ئەمنییە پڕ كرایەوە بە رەزامەندیی ھەردوولا، ئەمەش لە قازانجی ھەردوولا دایە".
لیوا قارەمان باسی لەوەش كرد: "ئەمە سەرەتایەكی باشە بۆ ئەوەی رێككەوتن بكرێت لەبارەی شوێنەكانی دیكەش و لە ھەر شوێنێك بۆشایی ئەمنیی ھەبێت، بە ھێزی ھاوبەشی پێشمەرگە و سوپای عێراق پڕ بكرێتەوە".
هێشتا لێدوان نییە. یەکەمین لێدوان بنووسە!
لێدوانی خۆت بنووسە