نوری مەحمود وتەبێژى یەپەگە سەبارەت بە داگیرکردن و کوشتارى دەوڵەتى تورکیا لە عەفرین ،" سوڵتان ئەردۆگان و داعشە هاوپەیمانەکانى ، بەرەى نوسرە و قاعیدە لەبەر ئەوەى نەیانتوانى ئەنجامێک بەدەست بهێنن، بە فڕۆکە، کۆپتەر، فڕۆکەى بێفڕۆکەوان، تۆپخانە و تانکى ئەڵمانى هێرشیان کردە سەر هاووڵاتیان ". هاووڵاتیانیان ناچارکرد لە گوندەکانەوە کۆچ بکەن بۆ ناوەندی عەفرین.
نوری مەحمود وتیشى، هێزەکانیان هەموو رۆژێک لە دژى ئەو هێزە تیرۆریستییانە چالاکیى سەرکەوتوانە ئەنجام دەدەن، بەڵام لەم دواییەدا ئەوە بینرا، کە هێزى داگیرکەر ئامادەکارى دەکات بۆ کۆمەڵکوژکردن و بە تۆپ و فڕۆکە بە بەردەوامى هێرشى دەکردە سەر ناوەندى شارەکە.
وتەبێژى یەپەگە باسى لەوەشکرد، کە بە هۆی ئەو هێرشانە، ژمارەیەکی زۆر لە ژن و منداڵ و هەروەها ئەو ئاوارانەى هاتبوون لە عەفرین ئارامییان گرتبوو، شەهیدبوون. خانووەکانیان خاپوورکرا، وێستگەکەکانى ئاویان تێکشکاند. دواجاریش نەخۆشخانەى ئاڤرینیان بۆردومانکرد.
هەروەها ئەوەشى ڕاگەیاند، کاتێک ئەو دۆخە ڕوویدا، بەڕێوەبەریى سیاسى و سەربازیى عەفرین لەسەر بڕیارى گەلى عەفرین، هاووڵاتیانیان لەو شارە ڕەوانەى دەرەوەکرد. لە دواى ئەوە ئیتر قۆناغێک بە تاکتیکى گەریلایى لە دژى هێزە داگیرکەرەکان دەستیپێکرد.
" شەڕی ئێمە لە عەفرین بەردەوامە. عەفرین هەرگیز بۆ داگیرکەران نابێتە شوێنێکى ئارام. تاوەکو ڕزگارکردنى عەفرین درێژە بە تێکۆشانەکەمان دەدەین".
سەبارەت بە ڕۆڵى ڕووسیا لە هێرش و کۆمەڵکوژی و داگیرکردنی عەفرین دا، وتى "هاتنى سوپاى تورک و گرووپە تیرۆریستەکان بۆ عەفرین، بە ڕێککەوتن لەگەڵ ڕووسیادا ئەنجامدرا. لە بەرامبەر غوتەدا سەودایان بە عەفرینەوە کرد.هەروەها لەگەڵ کۆمپانیا ڕووسیەکان لەسەر غازى سروشتی و پەیماننامەى گومرکی، ڕێککەوتنیان کرد. سنوورى ئاسمانی بۆ تورکەکان کرایەوە. دەوڵەتى تورکیاش بە پێشکەوتوترین چەکى ناتۆ، کە چەکى کیمیایشیان تێدایە، هێرشەکەى ئەنجامدا".
وتەبێژى یەپەگە هەروەها سەرنجى خستە سەر ئامانجى دەوڵەتى تورک بە سەرۆکایەتیى ئەردۆگان و ڕایگەیاند، ئەردۆگان دەیەوێت بە شێوازى مەغۆلەکان، لە سوریا و ڕۆژهەڵاتى ناوەڕاست خۆى زاڵ و باڵادەست بکات.
لە بەردەوامیى قسەکانیدا وتى، دەوڵەتى تورک پێگەى ستراتیژیکى جوگرافیایى خۆى لە دژى هێزە نێودەوڵەتییەکان بەکار دەهێنێت "چەک و فڕۆکەکانى ناتۆ و تانکى ئەڵمانى بەکاردەهێنێت. لەم دواییانەدا بە ناوى پەنابەرانەوە و لە ڕێگەى ئەڵمانیاوە، جزیە و فدیەى لە جیهانى مەسیحى وەرگرت. بە ناردنى تیرۆریستەکان هەڕەشە لە ئەوروپا دەکات. ئەڵمانیاش بۆ ئەوەى خۆى بپارێزرێت جزیە و فدیە دەدات. هەر چۆن داعش لە ڕەقە و موسڵ فدیەى لە مەسیحییەکان دەسەند، ئەردۆغانیش وەک داعش فدیە لە حکومەتەکەى مێرکل وەردەگرێت. بەو فدییەى کە بە هەڕەشەکردن لە جیهانى مەسیحیى وەردەگرێت، هێرش دەکاتە سەر ڕۆژهەڵاتى ناوەڕاست.
وتەبێژى یەپەگە ئەوەشى خستەڕوو، کە دەبێت کورد و گەلانى باکوورى سوریا و هەموو هێزە ئازادیخواز و دیموکراسیخوازەکان لە جیهاندا بە باشى لەوە تێبگەن، کە بە تێکۆشانى ئەمان لە باکووری سوریا، جیهان لە تیرۆریزم دەپارێزن و وتى "ئەردۆگان ، دامەزرێنەرى تیرۆرە. بۆ ئەوەی دیموکراسی، ئازادى و لێک تێگەیشتن و پەیمانی کۆمەلایەتى نەهێڵێت، هێرشى کردە سەر عەفرین و داگیریکرد. کۆمەڵگەى نێودەوڵەتی و دەوڵەتەکان لەو ڕێککەوتنەى تورکیا و گروپە تیرۆریستییەکان بێدەنگن. دەبێت کۆمەڵگا بە سرووشتى بەرپرسیارێتیى خۆى، لەو بارەیەوە گفتوگۆ بکات و لە بەرامبەر ئەو ڕاستییەدا، خۆیان بە ڕێکخستن بکەن. ئێمە دەڵێین "خۆتان بە ڕێک بخەن و ژیانى ئازاد بپارێزن" ئێمەش وەک یەپەگە تا دوا هەناسە کۆمەڵگا دەپارێزین".
هێشتا لێدوان نییە. یەکەمین لێدوان بنووسە!
لێدوانی خۆت بنووسە