یەكەمین ئۆپەراسیۆنی هاوبەشی پێشمەرگە و سوپای عێراق ئەنجامدرا

یەكەمین ئۆپەراسیۆنی هاوبەشی پێشمەرگە و سوپای عێراق ئەنجامدرا

پەیامی کورد … یەكەمین ئۆپەراسیۆنی هاوبەشی پێشمەرگە و سوپای عێراق ئەنجامدرا

 

ھێزەكانی پێشمەرگە و سوپای عێراق لە سنووری قەزای كفری ئۆپەراسیۆنێكی ھاوبەشیان بۆسەر رێكخراوی تیرۆریستیی داعش ئەنجامداو لە ئۆپەراسیۆنەكەدا تا ئێستا ١٣ حەشارگەی تایبەت بە داعش دۆزراونەتەوە.

 

سەرلەبەیانی ئەمڕۆ شەشی حوزەیرانی ٢٠٢١، ھێزەكانی پێشمەرگە و سوپای عێراق لە ناحیەی زنانە سنووری قەزای كفری لە چەند قۆڵێكەوە ئۆپەراسیۆنێكی ھاوبەشیان بۆسەر رێكخراوی تیرۆریستیی داعش ئەنجامدا.

 

بەپێی زانیارییەكان ئۆپەراسیۆنەكە بە پاڵپشتی ھێزە ئاسمانییەكانی ئیتاڵیا لە چوارچێوەی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی دژبە داعش ئەنجامدرا و ناو بە ناو دەنگی فڕۆكە جەنگییەكان بەسەر ئاسمانی ناوچەكە دەبیسترا.

 

لە ئۆپەراسیۆنەكە لیوای كۆماندۆ و لیوای ١٤٤ی پێشمەرگەی ھەرێمی كوردستان بەشدار بوون و لیوای ٥٢ی سوپای عێراق و دژەتیرۆر لە قۆڵی سلێمانبەگەوە بۆ پەلكانە بەشدارییان لە ئوپەراسیونەكەدا كردووە و گوندی بەلەگە بەھۆی ھەڕەشەی داعشەوە بەتەواوی لەلایەن دانیشتوانییەوە چۆڵ كراوە.

 

لە ئۆپەراسیۆنەكەدا تا ئێستا ١٣ حەشارگەی تایبەت بە داعش دۆزراونەتەوە كە پێكهاتوون لە شەش تونێل، دوو ژوور كە پڕبوون لە خۆراك و پێداویستی، سێ ماتۆرسكیل كە لەلایەن داعشەوە بەكاردەهاتن لەگەل سێ گوللـە هاوەن لە حەشارگەیەكدا دۆزراونەتەوە.

 

جێگەی باسە، ئەمە یەكەمین ئۆپەراسیۆنی هاوبەشی هێزەكانی پێشمەرگە و سوپای عێراقە لە دوای رێككەوتنیان بۆ دروستكردنی ناوەندی هاوبەش لە ناوچەكانی كە پێشتر بۆشایی ئەمنی تیادا دروستبوو بوو.

 

 

لێدوانەکان (0)

هێشتا لێدوان نییە. یەکەمین لێدوان بنووسە!

لێدوانی خۆت بنووسە