چەكدارانی حەشدی شەعبی لە كەركووك، گەمارۆی سندووقەكانی دەنگدانیان داوە و بەرپرسێكی پارتییش دەڵێ، لە گەرمیان سكاڵایان تۆمار كردووە و چاوەڕێی بڕیاری كۆمیسیۆن دەكەن لەبارەی ئەنجامی ھەڵبژاردن لەو سنوورەدا.
دیاری حوسێن، جێگری بەرپرسی ئەنجوومەنی سەركردایەتیی كەركووك - گەرمیانی پارتی، ڕایگەیاند: "چەكدارانی حەشدی شەعبی چواردەوری ئەو شوێنەیان گەمارۆ داوە كە سندووقەكانی دەنگدانی تێدایە و تا ئێستا وردبینییان بۆ نەكراوە و نەبراون بۆ ھیچ شێوێنێك، حەشدی شەعبی گومانی لە ئەنجامی دەنگەكان ھەیە و بە گوتەی خۆیان دەستكاری كراوە، دووریش نییە پەیوەندی بەوەوە ھەبێت عەرەب و توركمان ناڕازین لە ئەنجامەكانی ھەڵبژاردن لە سنووری كەركووك، چوونكە بە ووتەی یەكێك لەوانەی عەرەبە و ناڕازییە، لە گوندەكەی ئەوان یەك كوردی تێدا نییە، كەچی كورد دەنگی زیاترە لە عەرەب".
جێگری بەرپرسی ئەنجوومەنی سەركردایەتی كەركووك – گەرمیانی پارتی، گوتیشی: "بەپێی ئەو زانیاریانەی لەلایەن قەوارە ناڕازییەكانی كەركووكەوە بڵاو دەبنەوە، دەگوترێ سندووقەكانی ھەڵبژاردن بەر لە ئەنجامدانی پڕۆسەكە بردراون بۆ سلێمانی و بەرنامەیان بۆ دانراوە".
لەبارەی چارەنووسی ئەنجامەكان لەو سنوورەی پارتی بەشداری كردووە، دیاری حوسێن گوتی: "سكاڵا تۆمار كراوە، ھەموو لایەنەكانی كوردستان لە كەلار و چەمچەماڵ و گەرمیان بە گشتی ناڕازین لە ئەنجامەكان، جگە لە یەكێتیی نیشتیمانیی كوردستان، ئێستایش چاوەڕێی كۆمیسیۆنی باڵای ھەڵبژاردنەكانی عێراقین بزانین چ بڕیارێك دەدات لەبارەی چارەنووسی ئەنجامی ئەو ناوچانە، ئێمەیش وەك پارتی دیموكراتی كوردستان گومانمان بۆ پەیدا بووە و سكاڵامان تۆمار كردووە".
هێشتا لێدوان نییە. یەکەمین لێدوان بنووسە!
لێدوانی خۆت بنووسە