لە ئەنجامی چالاکیی گەریلاکانی هەپەگە لە باکور و باشوری کوردستان ٢٤ سەربازی سوپای تورک کوژران.
کەمێک پێش ئێستا ناوەندی ڕاگەیاندنی هێزەکانی پاراستنی گەل- هەپەگە لەسەر ماڵپەڕی فەرمیی خۆی ڕاگەیندراوێکی سەبارەت بە چالاکیی گەریلاکان لە باکور و باشوری کوردستان بڵاوکردەوە.
ناوەندی ڕاگەیاندنی هێزەکانی پاراستنی گەل ڕایانگەیاندوە “لە هەنگاوی شۆڕشگێڕانەی شەهید ئاگری و شەهید پیرۆز لە دژی داگیرکارییەکانی سوپای تورک لە باشوری کوردستان، گەریلاکان لە دژی سوپای تورک چەند چالاکییەکیان ئەنجامدا، لەو چالاکییانەدا سێ پێگەی سوپای تورک تێکشکێندران و ١٠ سەربازی دوژمنیش کوژران”.
ناوەندی ڕاگەیاندنی هەپەگە ئاماژەی بەوەداوە “دوێنێ لە گردی خەرەگۆلی سەربە چەلێی جولەمێرگ لە ئەنجامی چالاکییەکی گەریلاکانمان دوو سەربازی سوپای تورک کوژران، هەر دوێنێ پاشنیوەڕۆ جارێکی دیکە لە چوار قۆڵەوە لەو شوێنە لە دژی سوپای تورک چالاکییەک ئەنجامدرا، لەو چالاکییەشدا دوو سەربازی سوپا کوژران”.
لەناوەندەکەی هەپەگە ئەوەشی وتوە “ڕۆژی ١٠ی ئایار لە ناوچەی دەشتانی سەربە چەلێ لە چوار قۆڵەوە چالاکییەک لەدژی سوپای تورک ئەنجامدرا، لەو چالاکییەدا دوو پێگەی سوپا تێکشکێندران، هەشت سەرباز کوژران و حەوتی دیکەش برینداربوون”.
لەکۆتایی ڕاگەیەندراوەکەدا هاتووە “هەر ڕۆژی ١٠ی ئایار سوپای تورک لە ناوچەی دەریی بەرۆژی سەربە ڕیسۆی شرناخ ئۆپەراسیۆنێکی دەستپێکرد، گەریلاکانمان لەدژی یەکینەیەکی دوژمندا چالاکییان ئەنجامدا، لەو چالاکییەشدا دوو سەربازی دوژمن کوژران کە یەکێکیان فەرماندەی ئەو یەکینەیە بوو”.
هێشتا لێدوان نییە. یەکەمین لێدوان بنووسە!
لێدوانی خۆت بنووسە