هێزە ئەمنییەکانی ئێران ناتوانن خەڵکی بانە سەرکوت بکەن

هێزە ئەمنییەکانی ئێران ناتوانن خەڵکی بانە سەرکوت بکەن

ماوەی زیاتر لە دوو مانگە ئێران سنووری کۆڵبەری داخستووە و ئەمەش بووەتە هۆی ناڕەزایی و مانگرتنی بەشێک لە شارە سنوورییەکانی ڕۆژهەڵات و بەتایبەت شاری بانە. ئەندامێکی سەرکردایەتی کۆمەڵەی زەحمەتکێشانی کوردستان دەڵێت "بە شێوازی نوێ، خەڵك ناڕەزایی خۆیان بەرامبەر بە سیاسەتەكانی كۆماری ئیسلامی دەردەبڕن‌ و كەمترین بیانو بە هێزە سەركوتکەرەكانی كۆماری ئیسلامی نادەن تا بە توندوتیژیی رێگریی لە چالاكییەكانیان بكەن".

 

عەتا ناسر سەقزی، ئەندامی سەرکردایەتی کۆمەڵەی زەحمەتکێشانی کوردستان (رۆژهەڵات) لە بارەی ناڕەزایەتییەکانی شارە سنورییەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان رایگەیاند، "مانگرتنێكی بێ وێنە‌و یەكگرتووانەی خەڵكی قارەمانی شاری بانە دژ بە داخستی سنورەكان و سیاسەتی ئابوری حکومەت، كە لە كوردستان پەیڕەو دەكرێت. نزیكەی 22 رۆژ لەوەپێش دەستیپێكرد‌ و سەرەڕای گوشارەكانی رژیم ‌و داخستنی ئینترنێت دروستكردنی كەشی ترس‌ و تۆقاندن لەو شارە، بەردەوامە".

 عەتا ناسر سەقزی راشیگەیاند، مانگرتنی ئارام‌ و هێمنانەی بازاڕیانی بانە رێگەی لەوە گرتووە، كە هێزە سەركوتگەرەكان بتوانن بە توندوتیژی بڵاوە بە خەڵك بكەن، ئەمەش بە بڕوای من قۆناغێكە لە پێشكەوتن لە بزوتنەوەی مەدەنی لەكوردستان، كە بەداهێنان‌ و شێوازی نوێ خەڵك ناڕەزایی خۆیان بەرامبەر بە سیاسەتەكانی كۆماری ئیسلامی دەردەبڕن‌ و كەمترین بیانو بە هێزە سەركوتگەرەكان نادەن تا بە توندوتیژیی رێگریی لە چالاكییەكانیان بكەن.

ناسر سەقزی ئاماژە بەوە دەکات، رەنگە لە زۆرێك لەسنورەكانی ئێران لە باشور‌و رۆژهەڵاتی ئێران بەهۆی هەڵاواردنی ئابوریی دیارەی بەناو قاچاغ‌ و كاسبی سەر سنورەكان بوونی هەبێت، بەڵام تەنیا لە كوردستانە، كە كاسبكاران‌ و كۆڵبەرانی كورد بە گوللە وەڵام دەدرێنەوە. سەرەڕای ئەم ناحەقیەش لە ئێستاشدا سنورەكان لەلایەن بەرپرسانی رژیمەوە داخراون‌ و بەم هۆیەوە نانی هەزاران كاسبكاری سەر سنور‌و بازاڕیانی شارە سنورییەكان بڕدراوە.

 

لێدوانەکان (0)

هێشتا لێدوان نییە. یەکەمین لێدوان بنووسە!

لێدوانی خۆت بنووسە