ساڵی 2023 زیاتر لە 3 هەزار کۆچبەر لە دەریای ناوەڕاست گیانیان لەدەستداوە

ساڵی 2023 زیاتر لە 3 هەزار کۆچبەر لە دەریای ناوەڕاست گیانیان لەدەستداوە

پەیامی کورد... ساڵی 2023 زیاتر لە 3 هەزار کۆچبەر لە دەریای ناوەڕاست گیانیان لەدەستداوە

دەسەڵاتدارانی تورکیا لە ماوەی یەک هەفتەدا، لە کەناراوەکانی باشووری ئەو وڵاتە، نۆ تەرمیان دۆزییەوە و پێیانوایە کە هی کۆچبەرانە.

دەزگای لوتکە بڵاویكردووەتەوە،"دەسەڵاتدارانی تورکیا لە ماوەی کەمتر لە هەفتەیەکدا تەرمی نۆ کەسیان دۆزیوەتەوە لە کەناراوەکانی باشووری تورکیا و پێدەچێت زۆربەیان تەرمی ئەو کۆچبەرانە بن کە لە کانوونی یەکەمی ڕابردوودا لە دەریادا ونبوون".

بەپێی زانیاریەکانی دەزگای لوتکە، پارێزگای ئەنتالیا ئێوارەی ڕۆژی یەکشەممە 21-1-2024 دوای دۆزینەوەی شەش تەرمی یەکەم، ڕایگەیاند کە تەنها توانیویانە بزانن ئەو پێڵاو و جلوبەرگانەی کە لەبەریاندابوو، لە سوریا دروستکراون و تا ئێستا ناسنامەیان پشتڕاست نەکراوەتەوە.

هەر بە پێیی زانیاریەکان، بەرەبەیانی ڕۆژی دووشەممە 22-1-2024، دوو کەسی دیکە لە هەمان پارێزگا و 200 کیلۆمەتر لە ڕۆژئاوا، لە پارێزگای موگلەی دۆزراونەتەوە، دوای چەند کاتژمێرێک لە دۆزینەوەی دوو تەرمەکە تەرمی ژنێک دۆزراوەتەوە لە هەمان ناوچە کە پێدەچێت تورک بێت.

دەزگای لوتكە ئەوەشی خستووەتەڕوو،"پێنج لە شەش تەرمی یەکەم ڕەنگە ئەو کۆچبەرانە بن کە لە سەرەتای مانگی کانوونی دووەمدا بەڕێکەوتوون بۆ پەڕینەوە لە نێوان باکووری لوبنان بەرەو دوورگەی قوبرس، چونکە ڕۆژی 11ی کانونی یەکەم، باڵیۆزخانەی لوبنان لە ئەنقەرە دیارنەمانی بەلەمێکی ڕاگەیاند کە ئەم ناوچەیەی بەجێهێشت و 90 کەسی تێدابوو،بۆیە گومانی ئەوە دەکەن کە تەرمی ئەو کۆچبەرانە بن".

بەگوێرەی ئەو ئامارانەی دەست دەزگای لوتکە کەوتووە، لە ساڵی 2023 زیاتر لە 3 هەزار کۆچبەر لە دەریای ناوەڕاست گیانیان لەدەستداوە و بێسەروشوێن بوون، ئەوەش بەرزترین ژمارەی مردنە لە ساڵی 2017ەوە تا ئێستا.

لێدوانەکان (0)

هێشتا لێدوان نییە. یەکەمین لێدوان بنووسە!

لێدوانی خۆت بنووسە