لە داهاتوویەکی زۆر نزیک سەرۆکی هەرێم لە پەرلەمان سوێندی یاسایی دەخوات

لە داهاتوویەکی زۆر نزیک سەرۆکی هەرێم لە پەرلەمان سوێندی یاسایی دەخوات

پەیامی کورد  ...   لە دانیشتنی دوێنێی پەرلەمانی كوردستاندا، پڕۆژەیاسای هەمواركراوی یاسای سەرۆكایەتی هەرێم بە دەنگی 89 پەرلەمانتار پەسند كرا، فراكسیۆنی پارتیش جەخت دەكاتەوە، بەم زووانە سەرۆكی هەرێم لە پەرلەمان سوێندی یاسایی دەخوات.

لەو بارەیەوە، دكتۆر ڕێبوار بابكەیی، پەرلەمانتاری فراكسیۆنی پارتی، ڕایگەیاند: "بە سەركەوتوویی توانرا پڕۆژەیاسای دامەزراوەی سەرۆكایەتی هەرێم تێپەڕێندرێت، كە هەشت ماددەی پڕۆژەیاساكە پەسەند كران، دوای خستنەڕووی پێشنیازەكانیش لەلایەن دەستەی سەرۆكایەتییەوە، چوار ماددەی پڕۆژەكە وەك خۆیان مانەوە و بە دەنگی ڕەهای پەرلەمانتاران پەسەند كرا، هەروەها دوو ماددەی دیكەش گۆڕانكارییان تێدا كرا تا نووسینەوەی دەستوور".

بایكەیی گوتیشی: "زۆرترین گفتوگۆی پەرلەمانتاران لەسەر ماددەی سێیەم بوو، كە بریتی بوو لە دیاریكردنی دەسەڵاتەكانی جێگرانی سەرۆكی هەرێم، بەڵام ئەو پرسە بۆ سەرۆكی هەرێم جێهێڵدرا كە دەسەڵاتی جێگرەكانی دیاری بكات".

هەر سەبارەت بە پەسندكردنی پڕۆژەیاسای هەمواری سەرۆكایەتیی هەرێم، ئومێد خۆشناو، سەرۆكی فڕاكسیونی زەرد، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی ڕاگەیاند: "خۆشبەختانە توانیمان بەپێی ئەو ڕێككەوتنەی لە نێوان پارتی و یەكێتی و گۆڕاندا هەبوو، بە سەركەوتوویی پڕۆژەیاسای دامەزراوەی سەرۆكایەتیی هەرێم لە پەرلەمان پەسەند بكەین".

خۆشناو گوتیشی: "ئێمە جەخت لە ڕێككەوتنی سیاسی و پەرلەمانی نێوانمان دەكەینەوە و هەماهەنگییەكی باشیش لە نێوان فڕاكسیۆنی پارتی و یەكێتی و گۆڕاندا هەیە، بۆیە هیواخوازین ئەوانیش پابەندی ڕێككەوتنەكان بن".

سەرۆكی فڕاكسیونی زەرد دەشڵێت: "دوو ڕۆژ لە بەدەم فڕاكسیۆنەكاندا دەبێـت بۆ ئەوەی كاندیدی خۆیان دیاری بكەن، سێ ڕۆژی تریش لەبەردەمیاندا دەبێ بۆ تانەدان لە كاندیدەكان، گەر كاندیدەكان هیچ كێشەیان نەبێـت، دوو بۆ سێ ڕۆژی تر دانیشتنی پەرلەمان دەكرێـت و سەرۆكی هەرێم هەڵدەبژێـردرێـت".

جێگای باسە، دانیشتنی پەرلەمان دوای ئەوە دێـت كە ڕێككەوتنی سیاسی لە نێوان پارتی لەگەڵ یەكێتی و گۆڕاندا بۆ پێكهێنانی حكوومەت ئەنجام درا، بەو هۆیەشەوە ڕێگا بۆ پەرلەمان خۆش كرا تا دامەزراوەی سەرۆكایەتیی هەرێم كارا بكاتەوە، بەپێی رێكارە یاساییەكانیش، دوو رۆژ لە بەردەم فراكسیۆنەكان دەبێت بۆ ئەوەی بەربژێری خۆیان ئامادە بكەن، دواتر سێ رۆژیان لە بەردەمدا دەبێت بۆ ئەوەی تانە لە بەربژێرەكان بدەن، ئەگەر هەر بەربژێرێكیش كێشەی نەبوو، ئەوا دوای دوو بۆ سێ رۆژ، دانیشتنی پەرلەمان ئەنجام دەدرێت و سەرۆكی هەرێمی كوردستان لە پەرلەمانەوە هەڵدەبژێردرێت و سوێندی یاسایی دەخوات.

نێچیرڤان بارزانی، سەرۆكی حكوومەتی هەرێمی كوردستان، بەربژێری پارتییە بۆ پۆستی سەرۆكی هەرێمی كوردستان، پاشان بەربژێری راسپێردراو بۆ پێكهێنانی حكوومەت رادەسپێرێت، كە مەسروور بارزانی، راوێژكاری ئەنجوومەنی ئاسایشی هەرێمی كوردستانە، ئەویش 30 رۆژی لە بەردەمدا دەبێت بۆ ئەوەی حكوومەتەكەی پێكبێنێت.

لێدوانەکان (0)

هێشتا لێدوان نییە. یەکەمین لێدوان بنووسە!

لێدوانی خۆت بنووسە