لە گوندێکی ڕۆژهەڵاتی کوردستان هێزەکانی ئێران ٧ منداڵیان ڕفاند

لە گوندێکی ڕۆژهەڵاتی کوردستان هێزەکانی ئێران ٧ منداڵیان ڕفاند

پەیامی کورد... لە گوندێکی ڕۆژهەڵاتی کوردستان هێزەکانی ئێران ٧ منداڵیان ڕفاند

لە درێژەی ڕفاندنی منداڵانی گوندی "لایەن" سەر بە شاری کامێران، ۵ منداڵی دیکەی خەڵکی ئەو گوندە بە ناوەکانی کیانووش ئیبراهیمی، فەرزاد ئەحمەدی، سیرووس ئیبراهیمی، نیما ئیبراهیمی و سیامەک ئەحمەدی، لەلایەن هێزە حکومەتییەکانی کۆماری ئیسلامییەوە ڕفێندراون.

بەپێی ڕاپۆرتێکی ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو؛ ڕۆژی پێنجشەممە، ١٧ی سەرماوەزی ٢٧٢٢ (٨ی دیسەمبەری ٢٠٢٢)، چوار هاووڵاتیی تەمەن ١٧ ساڵ و خەڵکی گوندی "لایەن" سەر بە شاری کامێران بە ناوەکانی کیانووش ئیبراهیمی، فەرزاد ئەحمەدی، سیرووس ئیبراهیمی، نیما ئیبراهیمی و منداڵێکی تەمەن ١۵ ساڵ بە ناوی سیامەک ئەحمەدی دوای بانگکران بۆ ئیدارەی ئیتلاعاتی کامێران دەستبەسەر کراون.

پێشتریش لە ڕۆژی سێشەممە، ١۵ی سەرماوەز (۶ی دیسەمبەر) هێزە حکومەتییە جێگیرکراوەکانی کۆماری ئیسلامی لە شاری کامێران، هێرشیان کردووەتە سەر گوندی "لایەن" و دوو منداڵ بە ناوەکانی ئێحسان جەواهێری، تەمەن ١۶ و دیاکۆ ئەسەدی، تەمەن ١٧ ساڵ لەلایەن ئەو هێزانەوە ڕفێندراون.

تا کاتی داڕشتنی ئەم هەواڵە هیچ زانیارییەکی ورد و دروست لەسەر چارەنووس و شوێنی ڕاگیرانی ئەو حەفت منداڵە ڕفێندراوە لە بەردەستدا نییە.

بە پشتبەستن بە ئاماری تۆمارکراو لە ناوەندی ئامار و بەڵگەنامەکانی ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو؛ لە ماوەی حەفتەی ڕابردوودا لانی کەم ١٨ قوتابی و منداڵی ژێر ١٨ ساڵ لە شارەکانی کوردستان و لەلایەن هێز حکومەتییەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە ڕفێندراون.

 

لێدوانەکان (0)

هێشتا لێدوان نییە. یەکەمین لێدوان بنووسە!

لێدوانی خۆت بنووسە