لیستی مووچەی پێشمەرگە دەنێردرێتە بەغدا

لیستی مووچەی پێشمەرگە دەنێردرێتە بەغدا

پەیامی کورد    ...    هەردوو وەزارەتی پێشمەرگە و بەرگری عێراق ڕێكاری خەرجكردنی میزانیەی پێشمەرگەیان گرتووەتە بەر و بەرپرسێكی وەزارەتی پێشمەرگەش دەڵێ، لیستی مووچەی پێشمەرگە رەوانەی بەغدا دەكرێت بۆ خەرجكردنی ٦٨ ملیار دیناری مانگانەی ھێزەكانی پێشمەرگە.

لیوا قارەمان شێخ كەمال، جێگری سوپاسالاری وەزارەتی پێشمەرگە ، رایگەیاند: "لە دوایین سەردانی شاندی وەزارەتی پێشمەرگە بۆ بەغدا، وەزیری پێشمەرگە باسی مووچەی ھێزەكانی پێشمەرگە و ئەو پارەیەی كردووە، كە بڕەكەی بۆ ھەر مانگێك ٦٨ ملیار دینارە، وەزیری بەرگریی عێراقیش داوای كردووە لیستی مووچەی ھێزەكانی پێشمەرگە رەوانەی وەزارەتی بەرگری بكرێت".

بەرپرسەكەی وەزارەتی پێشمەرگە گوتیشی: "بە مەبەستی خەرجكردنی پارەی پێشمەرگە لەلایەن بەغداوە، لە لایەن وەزارەتی پێشمەرگەوە فۆڕمێك پڕدەكرێتەوە و بڕیارە بەپێی ئەو فۆڕمە مووچەی پێشمەرگە لەلایەن بەغداوە خەرج بكرێت".

شێخ كەمال ئاماژەی بۆ ئەوەش كرد: "پێویستە پێش ھاتنی ساڵی نوێ حكوومەتی فیدڕاڵ بەشەبودجەی وەزارەتی پێشمەرگە رەوانەی ھەرێمی كوردستان بكات، چونكە ١٠ مانگی ئەمساڵ تێپەڕیوە و ھیچ پارەیەك لەو بوودجەیە نەگەیشتووەتە ھێزەكانی پێشمەرگە".

لێدوانەکان (0)

هێشتا لێدوان نییە. یەکەمین لێدوان بنووسە!

لێدوانی خۆت بنووسە