پەیامی کورد... له پێنج ساڵدا یەک میلیۆن تۆی داربەڕو لەهەولێر دەچێندرێت
حكومهتی ههرێمی كوردستان رایگهیاند، پڕۆژەی چاندنی ملیۆنێك داربەڕوو لە شەقامی 120 مەتریی هەولێر جێبەجێ دەکرێت، كە تا ئێستا 300 هەزاری لێچێنراوە، ئاودانەكەشی لەسەر ئاوی پاككراوەی گەڕەكەكان دەبێت.
گەشبین ئیدریس، سەرپەرشتیاری پرۆژەكە بەمیدیای فهرمی حكومهتی ههرێمی كوردستانی راگهیاندوه، "حكومەتی هەرێم لە ڕێگەی وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزارەوە پشتیوانی و سەرپەرشتیی پرۆژەكە دەكات، پڕۆژەكە دەتوانێت هۆكارێك بێت بۆ ڕوبەڕوبونەوەی گۆڕانی كەشوهەوا و پاككردنەوەی هەوای شاری هەولێر".
داربەڕوەکان بە سیستەمی ڕیسایکلین ئاو دەدرێن، بۆ ئەوەش ئاوەڕۆی گەڕەکەکانی هەولێر بەکار دەهێنرێنەوە، ئەمە جگە لەوەی بۆ کارەبای پرۆژەکە، سود لە تیشکی خۆر وەردەگیرێت.
محەمەد یوسف، ئەندازیارێكی پرۆژەكە دهڵێت، "تۆوی داربەڕوەكان لە چیاكانی كوردستانەوە دەهێنرێن، بە شێوەیەكی زانستی دەچێنرێن و پەروەردە دەكرێن، بە چاودێرییەوە سەرپەرشتی دەكرێن، تا بەرامبەر گەرمی و بێئاوی خۆڕاگر دەبن".
شەیما فرامەرز، ئەندازیارێكی دیكەی پڕۆژەكەیە لەبارەی ئەم سیستەمی ئاودانەوە وتی، "لەم سیستەمە پێشكەوتوەدا ڕۆژانە دەتوانین 300 مەتر سێجا تاكو 340 مەتر سێجا ئاوی ئاودان بەرهەم بهێنین".
داربەڕو یەكێكە لەو ڕوەكانەی توانایەكی بەرزی لە پاككردنەوەی ئاو و هەوا و خاكدا هەیە و بە هۆی ڕەگداكوتانی قووڵیشییەوە، پتەویی خاك دەپارێزێت، داربەڕو خۆیشی دەبێتە سەرچاوەیەكی گرنگی خۆراكی باڵندەكان، ئەوەش دەبێتە هۆكارێك بۆ بوژانەوەیان، بە گشتی داربەڕو تەمەنی زۆری هەیە و هەندێ جۆریان دەگەنە 500 – 2000 ساڵ.
هێشتا لێدوان نییە. یەکەمین لێدوان بنووسە!
لێدوانی خۆت بنووسە