پەیامی کورد … پێنتاگۆن:هەزار سەربازی دیکە رەوانەی فڕۆکەخانەی کابوول دەکەین
وەزارەتی بەرگریی ئەمریکا - پێنتاگۆن رایگەیاند، ئێستا باڵیۆزخانەی ئەمریکا لە کابوول داخراوە، هەموو جۆرە گەشتێک لە فڕۆکەخانەی کابوول وەستاوە و هێزەکانی ئەمریکا و تورکیاش هەوڵدەدەن ئارامی لە فڕۆکەخانەی کابوول بپارێزن.
پێنتاگۆن ئاماژەی بەوەشکردووە، هێزەکانیان بۆ شەڕکردن لە فڕۆکەخانەی کابوول نیین، بەڵام "بەرپەرچی هەر جۆرە پەلامار و دەستدرێژییەک لە فڕۆکەخانەی کابوول دەدەینەوە." هاوکات، هەزار سەربازی دیکە رەوانەی فڕۆکەخانەی کابوول دەکەن.
جۆن کێربی، وتەبێژی پێنتاگۆن قسەی بۆ ئاژانسی رۆیتەرز کردووە، پێشبینی دەکات ژمارەی سەربازانی ئەمریکا لە کابوول بۆ شەش هەزار کەس بەرزببێتەوە.
تاوەکو ئێستا لانی کەم حەوت کەس لە فڕۆکەخانەی کابوول گیانیان لەدەستداوە بەوانەوە کە خۆیان بە فڕۆکەکاندا هەڵواسیبوو و کەوتنەخوارەوە، وتەبێژەکەی پێنتاگۆن دەڵێت، هەندێک راپۆرت هەن کە باس لە برینداربوونی سەربازێکی ئەمریکی دەکەن.
بەوتەی کێربی، ئەمریکا مافی پەنابەرێتی و مانەوە بۆ 22 هەزار ئەفغانی لە وڵاتەکە دابیندەکات. هاوکات دەشڵێت، "هەوڵدەدەین رێڕەوی فڕینی فڕۆکەکان لە فڕۆکەخانەی کابوول بپارێزین... و، رۆژانە 5 هەزار کەس لە کابوولەوە دەگوازرێنەوە بۆ شوێنی ئارامتر."
هێشتا لێدوان نییە. یەکەمین لێدوان بنووسە!
لێدوانی خۆت بنووسە