پەیامی کورد... پەرلەمانی کوردستان: پێویستە حکومەتی عێراق قەرەبووی کەسوکاری شەهیدانی هەڵەبجە بکاتەوە
سەرۆکایەتیی پەرلەمانی کوردستان ڕایدەگەیەنێت، پێویستە حکومەتی عێراق قەرەبووی کەسوکاری شەهیدانی هەڵەبجە بکاتەوە.
ئەمڕۆ چوارشەممە 16-3-2022، سەرۆکایەتیی پەرلەمانی کوردستان لە ساڵوەگەڕی کیمیابارانی هەڵەبجە، پەیامێکی بڵاو کردەوە.
لە پەیامەکەدا، وێڕای دانەواندنی سەری ڕێز بۆ شەهیدان، ئاماژە بەوە کراوە، کارەساتی کیمیابارانی هەڵەبجە تاوانێکە» بەرامبەر بە مرۆڤایەتی «.
سەرۆکایەتیی پەرلەمانی کوردستان بە پێویستی دەزانێت حکومەتی عێراقی» کار بە مادەی 132 لە دەستووری عێراق و بڕیاری دادگای باڵای تاوانەکان بکات بۆ قەرەبووکردنەوەی کەسوکاری شەهیدان و قوربانیانی هەڵەبجە «.
هەروەها سەرۆکایەتیی پەرلەمانی کوردستان داوای لە پەرلەمانی عێراق کردووە» یاسایەکی تایبەت بە بە جینۆساید ناساندنی گەلی کوردستان دەر بکات و تێیدا مافی کەسوکاری شەهیدان و قوربانییان بچەسپێنرێت «.
دەقی پەیامەکەی سەرۆکایەتیی پەرلەمانە کوردستان:
لە ساڵیادی کیمیابارانکردنی شاری شیرینی هەڵەبجەدا، سەری ڕێز و نەوازش بۆ شەهیدانی زوڵملێکراوی ئەو مەرگەساتە و سەرجەم شەهیدانی ڕێگەی ڕزگاریی کوردستان دادەنەوێنین.
ئەمڕۆ ٢٠٢٢/٣/١٦، سی و چوار ساڵ تێدەپەڕێت بەسەر کیمیابارانکردن و کۆمەڵکوژیی شاری هەڵەبجەی زامداردا کە هەمیشە لە یادگە و ڕۆژژمێری گەلەکەماندا برینێکە و ساڕێژ نابێت و لە ویژدانی هەموو کوردێکدا ئازارێکی قووڵ و بێکۆتایە و تاوانێکە کە بەتەنها بەرامبەر ڕۆڵەکانی گەلەکەمان نەکراوە، بەڵکو تاوانێکە بەرامبەر بە مرۆڤایەتی، هاوشێوەی هیرۆشیما و ناکازاکی و هۆلۆکۆست.
بۆیە لەم یادە خەمناکەدا جارێکی تر ئەنجامدەرانی ئەم تاوانە گەورەیە ڕیسوا و مەحکوم دەکەین، داواش لە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی و ڕێکخراوە مرۆییە جیهانییەکان دەکەین ئەم تاوانە دژ بە مرۆڤایەتییە بەجینۆساید بناسێنن، بۆئەوەی لە هیچ کونجێکی ئەم جیهانەدا جارێکی تر تاوانی لەم شێوەیە دووبارە نەبێتەوە و گەلی کوردستانیش لە هەر هەڕەشەیەکی لەو جۆرە بپارێزن.
پەرلەمانی کوردستان لە چوارچێوەی بەرپرسیارێتیی خۆیدا بە یاسای ژمارە (١) ی ساڵی ٢٠١٥، یاسای ئیدارەی پارێزگای هەڵەبجە لە هەرێمی کوردستان-عێراق و بڕیاری ژمارە ٢٣ی ساڵی ٢٠١٤ی تایبەت بەناساندنی هەڵەبجە وەک پایتەختی ئاشتی لە هەرێمی کوردستان پەسەند کرد و لەبەر ڕۆشنایی ئەو یاسا و بڕیارە ئەمڕۆ هەڵەبجە بووە بەپارێزگا و خاوەنی ناسنامەی پایتەختی ئاشتییە.
لەسەر حکومەتی عێراقی فیدڕاڵیش پێویستە کار بە مادەی ١٣٢ لە دەستووری عێراق و بڕیاری دادگای باڵای تاوانەکان بکات بۆ قەرەبووکردنەوەی کەسوکاری شەهیدان و قوربانییانی هەڵەبجە، داوا لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراقیش دەکەین یاسایەکی تایبەت بە جینۆساید ناساندنی گەلی کوردستان دەر بکات و تێیدا مافی کەسوکاری شەهیدان و قوربانییان بچەسپێنرێت، لەپێناو قەرەبووکردنەوەی زیانە مادی و مەعنەوییەکانیان و ئەو زەبرە دەروونییەی کە بەریان کەوتووە.
نەمری بۆ شەهیدانی مەرگەساتی کیمیابارانکردنی هەڵەبجە و سەرجەم شەهیدانی کورد و کوردستان.
سەرۆکایەتیی پەرلەمانی کوردستان
٢٠٢٢/٣/١٦
هێشتا لێدوان نییە. یەکەمین لێدوان بنووسە!
لێدوانی خۆت بنووسە