نێچیرڤان بارزانى: سه‌رۆكایه‌تی هه‌رێم، چه‌ترى كۆكه‌ره‌وه‌ی هه‌موو لایه‌كه‌

نێچیرڤان بارزانى: سه‌رۆكایه‌تی هه‌رێم، چه‌ترى كۆكه‌ره‌وه‌ی هه‌موو لایه‌كه‌

پەیامی کورد     ...    سەرۆك نێچیرڤان بارزانى دووپاتى كرده‌وه‌ كه‌ دامه‌زراوه‌ى سه‌رۆكایه‌تیى هه‌رێمى كوردستان چه‌ترى كۆكه‌ره‌وه‌ى هه‌موو لایه‌ن و پێكهاته‌كانى هه‌رێمى كوردستان ده‌بێت و له‌گه‌ڵ هه‌مووان بۆ یه‌كڕیزى و ته‌بایى و پێكه‌وه‌كاركردن له‌پێناو ده‌سته‌به‌ركردن و پاراستنى ماف و به‌رژه‌وه‌ندییه‌كانى هه‌رێمى كوردستان، کار ده‌كات.

ئه‌مڕۆ سێشه‌ممه‌ 26/11/2019  نێچیرڤان بارزانى، سه‌رۆكى هه‌رێمى كوردستان به‌ یاوه‌ری مسته‌فاى سه‌ید قادر و شێخ جه‌عفه‌ر مسته‌فا جێگرانى سه‌رۆك، له‌ سلێمانى سه‌ردانى هه‌ریه‌كه‌ له‌ مه‌كۆى سه‌ره‌كی بزووتنەوەى گۆڕان و مه‌كته‌بى سیاسی یه‌کیتی نیشتمانی كوردستانیان كرد.

له‌ كۆبوونه‌وه‌كاندا، سه‌رۆك نێچیرڤان بارزانى، ڕۆڵى هەردوولاى لە پشتگیری هەنگاوەکانى سه‌رۆكایه‌تیى هه‌رێمى كوردستان بۆ یەکڕیزى و تەبایى بە گرنگ و مایەى پێزانین هەڵسەنگاند و جه‌ختى له‌ گرنگى و پێویستی یەک هەڵوێستى و پێكه‌وه‌كاركردنى هه‌موو لایه‌نه‌كان كرده‌وه‌، به‌تایبه‌تیش له‌ چۆنیه‌تیى مامه‌ڵه‌كرن له‌گه‌ڵ دۆخ و پێشهاته‌كان له‌ عێراق و ناوچه‌كه‌.

لاى خۆیانەوە یەکیتی نیشتمانی کوردستان و بزووتنەوەى گۆڕانیش لەمبارەیەوە ستایشى ڕۆڵ و هەوڵى سەرۆک نێچیرڤان بارزانى و سەرۆکایەتی هەرێمى کوردستانیان کرد و هەنگاوەکانى  و سەرۆکایەتی هەرێمى کوردستانیان لەپێناو پتەوکردنى یەکڕیزى و یەکهەڵوێستى و تەبایى، بەرز نرخاند.

له‌ كۆبوونه‌وه‌كاندا وێڕاى تاوتوێكردنى دۆخى عێراق و ناوچه‌كه‌ و كاریگه‌رییان له‌سه‌ر هه‌رێمى كورستان، ڕۆڵى سه‌رۆكایه‌تیى هه‌رێمى كوردستان له‌ پتەوکردنى یه‌كڕیزى و ته‌بایى و هه‌وڵه‌كان بۆ سه‌رخستنى پرۆسه‌ى یه‌كخستنه‌وه‌ى پێشمه‌رگه‌، دروستكردنى هاوپەیمانیى فراكسیۆنە كوردستانییه‌كان له‌ ئه‌نجوومه‌نى نوێنه‌رانى عێراق، جه‌ختى لێكرایه‌وه‌.

پته‌وكردنى هه‌ماهه‌نگى و كارى پێكه‌وه‌ییى لایه‌نه‌ كوردستانییه‌كان، هەوڵدان بۆ چارەسەرى و گەیشتن بە ڕێککەوتن لەگەڵ حکوومەتى فیدراڵى عێراق لەسەر بنەماى گەرەنتیکردنى ماف و شایستەکانى هەرێمى کوردستان، ئەگەرى هەموارکردنەوەى دەستوور و هاوكاریى هه‌رێمى كوردستان بۆ چاره‌سه‌ركردنى كێشه‌كان و سه‌قامگیرى و ئارامى له‌ عێراق، لایەنێکى دیکەى کۆبوونەوەکان بوو.

سه‌رۆك نێچیرڤان بارزانى و شاندى یاوه‌رى هه‌روه‌ها سه‌ردانى گۆڕى هه‌ردوو خوالێخۆشبوو نه‌وشیروان مسته‌فا و مام جه‌لال تاڵه‌بانییان كرد و تاجەگوڵینەیان له‌سه‌ر گۆڕه‌كانیان دانا.

لێدوانەکان (0)

هێشتا لێدوان نییە. یەکەمین لێدوان بنووسە!

لێدوانی خۆت بنووسە