مەرزی شوشمێ بە فەرمی لە نێوان باشوور و رۆژهەڵاتی کوردستاندا کرایەوە

مەرزی شوشمێ بە فەرمی لە نێوان باشوور و رۆژهەڵاتی کوردستاندا کرایەوە

پەیامی کورد... مەرزی شوشمێ بە فەرمی لە نێوان باشوور و رۆژهەڵاتی کوردستاندا کرایەوە



مەرزی شوشمێ بە فەرمی لە نێوان باشوور و رۆژهەڵاتی کوردستان کرایەوە. پارێزگاری هەڵەبجەش رایگه‌یاند، "کردنەوەی مەرزەکە کاریگەری لەسەر پەرەپێدانی ناوچەکە دەبێت". هاوکات بە وتەی پارێزگاری کرماشانیش مەرزەکە "خزمەتی زیاتر پێشکەش دەکات".

ئەمڕۆ سێشەممە 27ـی حوزەیرانی 2023، لە رێوڕەسمێکدا بە ئامادەبوونی پارێزگارانی هەڵەبجە و کرماشان مەرزی شوشمێ بە فەرمی لە نێوان باشووری کوردستان و رۆژهەڵاتی کوردستان بۆ هاتوچۆی گەشتیاری کرایەوە. دواتر هەردوو پارێزگاری هەڵەبجە و کرماشان کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانییان سازکرد.

ئازاد تۆفیق، پارێزگاری هەڵەبجە لەو کۆنگرە رۆژنامەوانییەدا رایگەیاند، "لە ئەمڕۆوە هاتوچۆی گەشتیاری بە فەرمی لە مەرزی نێودەوڵەتی شوشمێ دەستپێدەکات و لەمەودوا هاووڵاتییان دەتوانن بۆ گەشتکردن ئەو مەرزە بەکاربهێنن".

بە وتەی پارێزگاری هەڵەبجە، هاتوچۆی گەشتیاری لە مەرزی شوشمێ، "کاریگەری گەورەی لەسەر پەرەپێدانی ناوچەکە دەبێت" و سوپاسی حکومەتی هەرێمی کوردستانیش دەکات کە نۆژەنکردنەوەی مەرزەکەی لە ئەستۆ گرتووە.

هەر سەبارەت بە کردنەوەی دەروازی شوشمێ، محەمەد تەیب سەحرایی، پارێزگاری کرماشان رایگەیاند، كردنەوەی ئەم دەروازەیە لەڕووی كلتووری، كۆمەڵایەتی و ئابوورییەوە خزمەتی زیاتر پێشكەش دەكات و ھۆكارێك دەبێت بۆ تەبایی و برایەتی نێوان ھاووڵاتییان.

پارێزگاری کرماشان وتیشی: "كردنەوەی دەروازەكە لەم كاتەدا دیارییەكی جەژنانەیە بۆ ھاووڵاتییانی ھەردوو وڵات و ناوچەی ھەورامان و ھەڵەبجە. سوپاسی ھەموو لایەك دەكەین و ھیوادارین كردنەوەی ئەم دەروازەیە لە ھەموو روویەكەوە خزمەت بە كۆمەڵگا بكات و ببێتە مایەی تەبایی و برایەتی زیاتری ھاووڵاتییان".

دوای كردنه‌وه‌ی مه‌رزی شوشمێ به‌ فه‌رمی له‌ نێوان هه‌رێمی كوردستان و ئێران، ژماره‌یه‌ك له‌ هاووڵاتییانی باشوور و رۆژهه‌ڵاتی كوردستان له‌ هه‌ر دوو دیو هاتنه‌ سه‌ر مه‌رزه‌كه‌، به‌ڵام به‌هۆی بوونی كێشه‌یه‌ك له‌ پشكنین و مۆركردنی پاسپۆرت، نه‌یانتوانی‌ گه‌شته‌كانیان ئەنجام بدەن.

مەرزی سنووری شوشمێ لە دیوی باشووری کوردستان کەوتووەتە سنووری شارەدێی تەوێڵە و 32 کیلۆمەتر لە ناوەندی پارێزگای هەڵەبجە دوورە. لە دیوی رۆژهەڵاتی کوردستانیش لە سنووری شارۆچکەی نۆسود-ی سەر بە شاری پاوەی پارێزگای کرماشانە.

لێدوانەکان (0)

هێشتا لێدوان نییە. یەکەمین لێدوان بنووسە!

لێدوانی خۆت بنووسە