پەیامی کورد... "ئەمریكا، بەریتانیا و ئەڵمانیا پڕۆژەی ڕێكخستنەوەی پێشمەرگەیان ئامادە كردووە و ھاوپەیمانان و ناتۆش چاودێری دەكەن"
بەرپرسێكی كاروباری یەكخستنەوەی و ڕێكخستەوەی ھێزەكانی پێشمەرگە لە وەزارەتی پێشمەرگەی حكوومەتی ھەرێمی كوردستان ڕایدەگەیەنێت: هەر سێ وڵاتی ئەمریكا، بەریتانیا و ئەڵمانیا پڕۆژەی ڕێكخستنەوەی پێشمەرگەیان ئامادە كردووە و ھەریەكە لە ھۆڵەندا و ھاوپەیمانی نێودەوڵەتیی دژبە داعش و ناتۆش چاودێری دەكەن.
بەرپرسێكی كاروباری یەكخستنەوەی و ڕێكخستەوەی ھێزەكانی پێشمەرگە لە وەزارەتی پێشمەرگەی حكوومەتی ھەرێمی كوردستان ڕایگەیاند، ئەوان لەسەر پڕۆژەیەكی ھەنگاو بە ھەنگاو بۆ یەكخستنەوەی ھێزەكانی پێشمەرگە بەردەوامن و ڕەتی دەكاتەوە ھیچ ھۆشدارییان لەمەڕ كەمتەرخەمی پێدرابێت و ڕوونیشی دەكاتەوە كە تەنھا گرفتی سیاسی دەتوانێت، تەگەرە بخاتە بەردەم ئیش و كارەكانیان.
بەڕێوەبەری بەشی توێژینەوە و پەرەپێدانی پڕۆژەكانی چاكسازی لە وەزارەتی پێشمەرگە، عەقید شاخەوان سەلام لە دیمانەیەكدا لەگەڵ ئاژانسی ئانادۆڵو ڕایگەیاند، ئەركی ئەوان تەكنیكییە و تا ئێستا توانراوە چەندین ھەنگاوی گرنگ بۆ یەكخستنەوەی ھێزەكانی پێشمەرگە و كۆكردنەوەیان لە ژێر چەتری وەزارەتی پێشمەرگەی ھەرێمی كوردستان بنڕێن.
بە گوتەی ئەو بەرپرسەی وەزارەتی پێشمەرگە، ھەنگاوەكان بە چاودێری نێودەوڵەتیی بەڕێوەدەچێت و لە داھاتوودا زۆر ھەنگاوی گرنگتریش دەنرێت.
- "سەرەتای بیرۆكەی چاكسازی لە وەزارەتی پێشمەرگە لەسەر خواستێكی سەرۆك بارزانی بوو لە بەریتانیا"
ئەو بەرپرسەی چاكسازی لە وەزارەتی پێشمەرگە باسی لە سەرەتای بیرۆكەی چاكسازی لە وەزارەتەكەی كرد و وتی: "بابەتی تایبەت بە چاكسازی لە وەزارەتی پێشمەرگە دەگەرێتەوە بۆ ساڵی ٢٠١٥ كە پشت دەبەستێت بە داواكارییەكی سەرۆكایەتی ھەرێمی كوردستان كە ئەوكات، سەرۆك مەسعود بارزانی سەرۆكی ھەرێم بوو كە لە دیدارێكدا لەگەڵ وەزارەتی بەرگریی بەریتانیا ئەو داواكارییەی پێشكەیشی كردبوو كە ئەوان پاڵپشتی ھێزی پێشمەرگە بن بۆ ئەوەی ھێزەكانی پێشمەرگە ڕێكبخرێنەوە و ڕێفۆرمی تەواو بكرێت لە نێو ئەم ھێزانە، لەو كاتەوە لە سەر داوای سەرۆك بارزانی، وەزارەتی بەرگریی بەریتانیا دیراسەیەكی تایبەتی كردەووە بۆ بارودۆخی پێشمەرگە و دواجار ئەنجامەكانی پێشكەیش بە حكوومەتی ھەرێمی كوردستان كردەوە".
وتیشی: "لە دوای ئەم دیراسەیەی كە وەزارەتی بەرگریی بەریتانیا ئەنجامی داوە، گرووپی Office of Security Cooperation (OSCI) كە لە عێراق و ھەرێمی كوردستان بەناوبانگە و تایبەتە بە وڵاتی ئەمریكا ئەوانیش دیراسەیان خۆیان تایبەت بە پرسی چاكسازی و ڕێكخستنەوەی وەزارەتی پێشمەرگە كرد و ھەر دوا بەدوای ئەوە، وەزارەتی بەرگریی ئەڵمانیا دیراسەیەكی دیكەی تایبەت بەو پرسە پێشكەش بە حكوومەت ھەرێم و وەزارەتی پێشمەرگە كرد و لە كۆتاییدا لێژنەیەكی باڵا لە وەزارەتی پێشمەرگە كە لە لایەن سەرۆكایەتی ھەرێم و ئەنجوومەنی وەزیرانەوە ڕاسپێدرا، بۆ ئەوەی ئەم سێ دیراسەیە بەیەكەوە تێكەڵ بكات و یەك دیراسەی گشتیان لێ دروست كرد، ئەویش بە ناوی 'پرۆگرامی پێشمەرگە لە ئاییندەدا' بوو".
- سێ وڵات پڕۆژەی ڕێكخستنەوەی پێشمەرگەیان ئامادە كردووە و ھەریەكە لە ھۆڵەندا و ھاوپەیمانی نێودەوڵەتیی دژبە داعش و ناتۆش چاودێری دەكەن
بە وتەی بەڕێوەبەری بەشی توێژینەوە و پەرەپێدانی پڕۆژەكانی چاكسازی لە وەزارەتی پێشمەرگە، عەقید شاخەوان سەلام، ھەر یەك لە ئەمریكا، ئەڵمانیا و ھۆڵەندا پڕۆژەی چاكسازییەكەیان لە وەزارەتی پێشمەرگە زیاتر لە ٣٥ پڕۆژەی ھەنگاو بە ھەنگاویان ئامادە كرد، لەگەڵ ئەوەیشدا ھەریەك لە ھێزەكانی ھاوپەیمانی نێودەوڵەتیی دژبە داعش و ھێزەكانی ناتۆش لەسەر خەت بوون بۆ چاودێری و ھەماھەنگی زیاتر و بەدواداچوون بۆ ئەم پرسە.
لەم بارەویەوە عەقید شاخەوان وتی: "لە سەرەتای دامەزراندنی ئەم پڕۆگرامە (پڕۆگرامی پێشمەرگە لە ئاییندەدا)، بەریتانیا، ئەمریكا و ئەڵمانیا پاڵپشتی ڕاوێژكارییان بۆ ئەم پڕۆگرامە كردەوە و لە كۆتایی ساڵی ٢٠١٩، ھۆڵەندا پەیوەندیی كردەوە بەو وڵاتانەوە و لە ئێستادا، چوار وڵات جگە لە ھاوپەیمانی نێودەڵەتیی دژبە داعش پاڵپشتی لە پڕۆسەكە دەكەن و ھاوكات ناتۆ لە ڕێگەی ڕاوێژكارەكانییەوە، چەندین جار سەردانی بەڕێوەبەرایەتی ئێمەیان كردەووە و ئەگەر پێویست بێت پاڵپشتی ئێمەیش دەكەن".
بەو پێیە ھەنگاوەكانی چاكسازی بە كردار لە ساڵی ٢٠١٧ەوە دەستی پێكردووە و لە یەكەم ھەنگاویشدا، بەڕێوەبەرایەتی چاكسازی وەزارەتی پێشمەرگە دامەزرا و كە ئەركی جێبەجێكردنی پڕۆژەكانی ڕێكخستنەوە و یەكخستنەوەی ھێزەكانی پێشمەرگەیە.
- ھەنگاوەكان بە تێكەڵكردنی لیواكان دەستی پێكردووە و بۆ یەكەمجار فیرقە لە ھەرێمی كوردستان دامەزرا
لەوبارەیەوە بەڕێوەبەری بەشی توێژینەوە و پەرەپێدانی پڕۆژەكانی چاكسازی لە وەزارەتی پێشمەرگە، عەقید شاخەوان سەلام ئاماژەی بەوەدا كە بۆ یەكەمجار لە ھەرێمی كوردستان بە پاڵپشتی ھاوپەیمانان دوو فیرقە دامەزراوە و ھەر فیرقەیەك لە چوار لیوا پێكھاتووە.
بەپێی وتەی ئەو بەرپرسەی وەزارەتی پێشمەرگە، لە ئێستادا ٢٠ لیوا لە وەزارەت ھەن، كە لەو ژمارەیە ١٢ لیوایان ھاوبەشن.
ھەرچەندە تا ئێستا ھێزەكانی پێشمەرگە بەسەر دوولایەنی سەرەكی دابەشبوونە كە پارتی دیموكراتی كوردستان و یەكێتیی نیشتمانیی كوردستانن، بەڵام ئەو بەرپرسەی وەزارەتی پێشمەرگە ئاشكرای دەكات كە پلانیان بۆ دامەزراندنی پێشمەرگە بەبێ ئینتیمانی سیاسیی ھەیە و لەوبارەیەوە عەقید شاخەوان سەلام وتی: "یەكێك لە پڕۆژەكانمان دامەزراندنی پێشمەرگەیە، ئەمە یەكێكە لە پڕۆژەكانمان و میكانیزمەكەی وا داڕێژراوە كە لە وەزارەت لە ئایندەیەكی نزیكدا ھاووڵاتیی یان ھەر كەسێكی بێلایەن بتوانێت لە ڕێگەی ئەم پڕۆژەیە دابمەزرێت و سەر بە ھیچ حزبێك نەبێت".
- كێشەی سیاسی گەورەترین بەربەستە لەبەردەم یەكخستنەوەی ھێزەكان
ڕۆژی ٢٠ی ئەم مانگە، فەرماندەی ھێزەكانی ھاوپەیمانیی نێودەوڵەتیی دژبە داعش ماتیۆ ماكفەرلین لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانییدا لە ھەولێر لەبارەی دواكەوتن یان كێشە و گرفت لە چاكسازی وەزارەتی پێشمەرگە هۆشدارییەكی ئاراستەی حكوومەتی هەرێم كرد و ڕایگەیاند كە ھیوادارن، بەرپرسانی حكوومەتی ھەرێمی كوردستان بەیەكەوە و بە یەكگرتوویی كار بكەن بۆ ئەوەی ئەوان دڵنیاببنەوە لە بەدەستھێنان و گەیشتن بەو ئامانجەی كە لە یاداشتنامەكەدا (لە نێوان ھاوپەیمانان و وەزارەتی پێشمەرگە) نووسراوەتەوە و ھێزێكی یەكگرتوو دروست بكەن، بۆ ئەوەی ئەو ھێزە بتوانێت كار لەگەڵ ھاوبەشەكانی بكات لە تێكشكاندنی داعش.
لەبارەی ھۆكار و كاریگەرییەكانی ئەم لێدوانەوە، عەقید شاخەوان سەلام وتی: "ئێمە كاری خۆمان بەشێوەی ئاسایی ئەنجامدەدەین و لە ڕاستیدا ھیچ ئاراستەیەكی نوێ بۆ ئێمە نەھاتووە، بەڵام ئێمە بەشدارین لە ھەموو ئەو كۆبوونەوانەی كە لەبارەی چاكسازی پێشمەرگەوە ئەنجام دەدرێت، لەگەڵ ئەوەیشدا ھەمیشە مەترسییەكانی كشانەوەی ھاوپەیمانان ھەیە، ئەوانیش لە ڕوانگەی ھاوكارییەكان فشار دەخەنە سەر ھەرێمی كوردستان و دەڵێن پێویستە ئەم ڕیفۆرمە بەشێوەیەكی باشتر بەرێوەبچێت".
سەبارەت بە كێشە و گرفتەكانی بەردەم ھەنگاوەكانی چاكسازی، عەقید شاخەوان سەلام وتی: "بە ڕوون ئاشكرا، وەڵامی ئەم پرسە دەدەمەوە، ئێمە لە بابەتێكدا ئیش دەكەین كە بابەتێكی تەكنیكییە، ئیشەكەمان پرسی یەكخستنەوەیە، بەڵام ئەوەیش شاراوە نییە كە زۆرجار لە یەكەكانی ٧٠ و ٨٠ی پێشمەرگە گرفتی سیاسی ڕوودەدەن و، ساردی لە نێوان حزبەكان یا بۆچوونی جیاواز لە نێوان حزبەكان دروست دەبێت و ئەمەیش كاریگەری لەسەر بەرەوپێشچوونی پڕۆسەكەدا ھەیە".
عەقید شاخەوان وتیشی: "لە ئێستادا ٢٨ پڕۆژەی ھەنگاو بە ھەنگاوی وەزارەتی پێشمەرگە ھەیە، كاری ئێمە ئەوەیە ھەماھەنگیمان ھەبێت لەگەڵ ھەموو ئەو بەڕێوەبەرایەتیانەی كە پەیوەستدارن بەو پڕۆژانەوە، ئەوەیش بە بوونی یەكێك لە ڕاوێژكارەكانی ئەم وڵاتانە (چوار وڵات) ئەوەیش ڕاوێژكارانی بیانی یان ئەم گرووپە (MNG) Multinational Group پاڵپشتی تیمەكانی ئێمە دەكەن ئەو تیمانە كارەكانیان ئامادە دەكەن پێشكەیشی وەزارەتی پێشمەرگە دەكەن و لە ڕێگەی وەزیری پێشمەرگەوە كە پەسەند كرا و دەچێتە قوناغی جێبەجێكردنەوە".
هێشتا لێدوان نییە. یەکەمین لێدوان بنووسە!
لێدوانی خۆت بنووسە