پەیامی کورد ... نێچیرڤان بارزانى سەرۆکى هەرێمى کوردستان دووپاتى کردەوە کە ئێستا کاتى ئاشتییە و پرسى کورد لە تورکیا دەبێ لە ڕێگەى ئاشتییەوە چارەسەر بکرێت، چوونکە شەڕ هیچ شتێک چارەسەر ناکات و نابێت هیچ دەرفەتێک بۆ ئاشتى لە تورکیا لەدەست بدرێت.
سەرۆک نێچیرڤان بارزانى لە دیدارێکیدا لەگەڵ شاندێکى پارتى دیموکراتى گەلان HDP بە سەرۆکایەتی سەزائى تەمەللى، هاوسەرۆکى HDP کە پێشنیوەڕۆى ئەمڕۆ یەکشەممە 8/9/2019 لە هەولێر بەڕێوە چوو، جەختى لەوە کردەوە کە لە هەوڵەکانى بۆ دەسپێکردنەوە و سەرخستنى پرۆسەى ئاشتى لە تورکیا بەردەوام دەبێت و لەم پێناوەدا هەرچى پێویست بێت، درێخى ناکەن.
لاى خۆیەوە شاندى HDP وێڕاى پیرۆزبایى لە سەرۆک نێچیرڤان بارزانى بۆ دەستبەکاربوونى وەک سەرۆکى هەرێمى کوردستان، هیواى سەرکەوتنیان بۆ خواست و سوپاسى هەوڵ و کۆششەکانى ڕابردوو و ئێستاى بەڕێز نێچیرڤان بارزانییان بۆ ئاشتى کرد و دووپاتیان کردەوە کە ئاشتى لە بەرژوەندیى تەواوى گەلانى تورکیادایە و گەلى کورد خوازیارى ئاشتى و چارەسەرى ئاشتیانەیە.
لە دیدارەکدا هەردوولا دۆخى ناوچەکە بەگشتى و چەند پرسێکى دیکەیان تاوتوێ کرد.
هێشتا لێدوان نییە. یەکەمین لێدوان بنووسە!
لێدوانی خۆت بنووسە