نێچیرڤان بارزانى سەرۆکى هەرێمى کوردستان لەگەڵ وەزیرى بازرگانی تورکیا کۆبووەوە

نێچیرڤان بارزانى  سەرۆکى هەرێمى کوردستان لەگەڵ وەزیرى بازرگانی تورکیا کۆبووەوە

پەیامی کورد     ...   نێچیرڤان بارزانى  سەرۆکى هەرێمى کوردستان لەگەڵ وەزیرى بازرگانی تورکیا کۆبووەوە

نێچیرڤان بارزانى دووپاتى کردەوە کە دەرفەتەکانى سەرمایەگوزارى و وەربەرهێنانى تورکى لە هەرێمى کوردستان زۆر لەبار و فراوانن و ڕێگەى بازاڕى گەورەى عیراق بۆ بازرگانیى تورکیا بە هەرێمى کوردستاندا تێدەپەڕێت، بۆیە ستراتیژی و بیرکردنەوەیەکى تازەى تورکیا بۆ چۆنیەتی فراوانکردنى بوارەکانى بازرگانى و چالاکیى ئابوورى و وەبەرهێنان لە هەرێمى کوردستان و عیراق پێویستە کە لە بازرگانیى زیاتر، قورسایى بخاتە سەر وەبەرهێنان.

لە کۆبوونەوەیەکدا کە بەیانیى ئەمڕۆ یەکشەممە 2021/9/26 لە هەولێر بەڕێوە چوو،  نێچیرڤان بارزانى، سەرۆکى هەرێمى کوردستان و موحەمەد مووش وەزیرى بازرگانیى تورکیا، جەختیان لە خواستى برەودان بە پەیوەندییە بازرگانى و ئابوورییەکانى هەرێمى کوردستان و عیراق لەگەڵ تورکیا کردەوە و هاوڕا بوون کە پێویستە هەموو گرفتەکانى بەردەم فراوانکردنى بوارەکانى بازرگانى و ئابوورى لەنێوان هەردوولادا، چارەسەر بکرێن.

نێچیرڤان بارزانى پەیوەندییە ئابوورى و بازرگانییەکانى هەرێمى کوردستانى لەگەڵ تورکیا بە گرنگ و ستراتیژى و یاساى وەبەرهێنانى لە هەرێمى کوردستان بە یاسایەکى دۆستانە لە قەڵەم دا کە هانى سەرمایەگوزاریى بیانى دەدات، هەروەها ئامادەیی هەرێمى کوردستانى بۆ پێشکەشکردنى هەموو ئاسانکارییەکى پێویست بۆ سەرمایەگوزارى و بازرگانیى تورکیا لەگەڵ هەرێمى کوردستان و عیراق نیشان دا.

لاى خۆیەوە وەزیرى بازرگانیى تورکیا خواستى وڵاتەکەى بۆ برەودان بە پەیوەندیى بازرگانی و فراوانکردنى چالاکییە ئابوورییەکانى لە هەرێمى کوردستان دووپات کردەوە و ئاماژەى بە چەند نموونەیەکى سەرکەوتووى وەبەرهێنان و سەرمایەگوزاریى تورکی لە وڵاتانى ناوچەکە کرد کە بە هەمان شێوە لە هەرێمى کوردستان دووبارە بکرێنەوە، لەوێشەوە بەرەو هەموو ناوچەکانى دیکەى عیراق فراوان بکرێن.

لە کۆبوونەوەکەدا کە ژمارەیەک لە وەزیر و لایەنە پەیوەندارەکانى هەرێمى کوردستان و باڵیۆزى تورکیا و شاندێکى تورکى ئامادەى بوون، کاریگەرییەکانى پەتاى کۆرۆنا لەسەر بازرگانى و چالاکیى ئابوورى، ڕێژەى بازرگانی و هاوردەکردنى تورکیا لەگەڵ عیراق و هەرێمى کوردستان، سیستمى بانکدارى و ناردن و گواستنەوەى پارە، دادگاى بازرگانى، گەشتیارى و چەند پرسێکى دیکە، تاوتوێ کران.

لێدوانەکان (0)

هێشتا لێدوان نییە. یەکەمین لێدوان بنووسە!

لێدوانی خۆت بنووسە