نرخی کارتی دەنگدان لە موسل بەرز دەبێتەوە

نرخی کارتی دەنگدان لە موسل بەرز دەبێتەوە

بەرپرسی نووسینگەی ھەڵبژاردنەكانی پارتی لە پارێزگای نەینەوا، داوا دەكات كە دەنگدەرانی سنووری مووسڵ بۆ وەرگرتنەوەی كارتەكانیان روو لە بنكەكانی كۆمسیۆن بكەن و دەشڵێ، ھەندێ لایەن دەستیان كردووە بە كڕینی كارتی دەنگدان لە مووسڵ.

مەناف حەسەن، راگەیاند: "ھەندێ لایەنی عێراقیی دەستەڵاتدار لە سنووری پارێزگای نەینەوا، دەستیان كردووە بە كڕینی كارتی دەنگدانی ھاووڵاتیانی شارەكە و، بەپێی ئەو زانیاریانەی لە بەردەستی ئێمەدان، كڕین و فرۆشتن بە شێوەیەكی نھێنی بە كارتی دەنگدانەوە دەكرێت و بۆ ھەر كارتێكیش بڕی 300 تا 400 دۆلار دەدرێت، ئەمەیش پیلانێكی دیكەیە بۆ گۆڕینی ئەنجامی ھەڵبژاردنەكان لە سنووری پارێزگای نەینەوا، چونكە دوای گرتنەوەی مووسڵ، هەروەك چۆن پیلانی بەعەرەبكردن و داگیركاری دەستی پێ كرد، بۆ پڕۆسەی ھەڵبژاردنەكانیش پیلانی نوێ جێبەجێ دەكرێت، لەبەر ئەوەیش پەنابردن بۆ كڕینی كارتی دەنگدانی ھاووڵاتیان، لادانە لە یاسا و پێشێلكردنی مافی ھاووڵاتیانە".

وەك حەسەن گوتی: "تا ئێستا كۆمسیۆنی باڵای ھەڵبژاردنەكانی عێراق ھەموو كارتەكانی دەنگدەرانی كوردی دابەش نەكردووە و، پێویستە لە رۆژانی دابێ ھەموو ئەو دەنگدەرانەی بەشدارییان لە پڕۆسەی بایۆمەتریی كۆمسیۆندا كردووە، سەردانی بنكەكانی كۆمسیۆن بكەن بۆ وەرگرتنەوەی كارتەكانیان، چونكە ھەر دەنگێك لە نەینەوا، كاریگەریی خۆی لەسەر رێژەی كورد لەو سنوورەدا ھەیە".

لێدوانەکان (0)

هێشتا لێدوان نییە. یەکەمین لێدوان بنووسە!

لێدوانی خۆت بنووسە