پاش ڕاگەیاندنی هاوپەیمانی کۆمار لەلایەن ئاکەپە و مەهەپەوە، چوار پارتی بەرهەڵستکاری تورکیاش( جەهەپە- ئیی پارتیی- پارتی دیموکرات- پارتی سەعادەت) هاوپەیمانیەتییەکییان بۆ ڕکابەری کردنی هاوپەیمانیی کۆمار لە هەڵبژاردنە پەرلەمانییەکەی 24ی حوزەیراندا ڕاگەیاند.، بەڵام سەرەڕای ئەوەی کە هەدەپە لە ئێستادا سێیەم گەورە پارتی تورکیایە و نزیکی ٪11ی دەنگەکانی ئەو وڵاتەی بەدەست هێناوە بانگهێشتی هاوپەیمانیەتییەکە نەکرا و پەراوێز خرا.
کەمال کڵچدارئۆغڵوو پێشتر ڕایگەیاند کە قسە لەگەڵ هەدەپەش دەکەن بۆ بەشداری کردن لە هاوپەیمانیەتییەکەدا، بەڵام دواتر بەرپرسێکی جەهەپە ڕایگەیاند کە کۆبوونەوەکان سەبارەت بە بەشداریی کردنی هەدەپە لە هاوپەیمانیەتییەکەی پارتە بەرهەڵستکارەکاندا بێ ئانجام بووە. دواتریش تێمێل کاراموڵائۆغڵوو سەرۆکی پارتی سەعادەت ڕایگەیاند: "بۆ دروست کردنی هاوپەیمانیەتیی، جگە لە سەرکردە و کاربەدەستەکان، هەندێکجار پێویستە گوێ لە جەماوەر و ئەندامانی پارتەکانیش بگیرێت، لە بابەتی بەشداریپێکردنی هەدەپەشدا لە هاپوەیمانیەتییەکەدا، جەماوەر و ئەندامانی پارتەکانمان بۆچوونی جیاوازیان هەبووە و بە گەرمی پێشوازییان لەو بابەتە نەکردووە".
مێرال ئاکشێنێری سەرۆکی ئیی پارتیش بە ئاشکرا و لە چەند شوێنێک دژایەتی خۆی بۆ بەشداریپێکردنی هەدەپە لە هاوپەیمانیەتییەکەدا ڕاگەیاندووە.
ئەحمەد تورک کە سیاسیی و کەسایەتییەکی دیاری سیاسەتی کورد و کوردانی تورکیای، سەبارەت بەو بابەتە و بڕیاری ئەو 4 پارتە بۆ پەراوێز خستنی هەدەپە ڕایگەیاند: "ئەگەر نیازی ئێوە بە ڕاستی تورکیایەکی دیموکرات و دەستەبەر کردنی داهاتوویەکی دیموکراسییە، ئەوە دڵنیابن بێ هەدەپە ناتوانن بەو ئامانجە بگەن. دڵنیابن کە کوردەکان کاردانەوەیان بەرانبەر ئەم کارەی ئێوە دەبێت و دەڵێن کە بۆچی لە خولی دووەمی سەرۆکایەتی کۆماردا پشتیوانی کەسانێک بکەین کە نایانەوێت ئێمە ببینن؟" ئەحمەد تورکی سەبارەت بەو بابەتەش وتی: "توڕەم"!
ئەحمەد تورک باسی لەوە دەکات کە بۆ بنیاتنانی داهاتوویەکی دیموکرات لە تورکیادا، پێویستە بەرەیەکی دیموکرات دروست بکرێت. ئاماژەشی بەوە کرد کە جێگرەوە و بکەری سەرەکی ئەو کارەش لە تورکیادا هەدەپەیە، کە دەتوانێت دیموکراسی و ئاشتی بەدیبهێنێت. بۆیە ئەو پارتانە کە هەدەپە دەخەنە دەرەوەی ئەو بەرەیەی خۆیان، کە بە بەرەی ددیموکراتی ناوی دەبەن، چۆنەتوانن بێ دەهەپە ببن بە بەرەیەکی دیموکرات؟
ئەحمەد تورک لە بەشیکی تری قسەکانیدا باسی لەوە کرد، لە ئەگەری تێنەپەراندنی بەربەستی ٪10ی پەرلەمانیدا لەلایەن هەدەپەوە، هەموو دەنگەکانی هەدەپە دەچێت بۆ ئاکەپە. ئەحمەد تورک وتیشی: "کێشەی ئێمە کێشەی بەربەست نییە، بەڵام ئایا کە ئێمە لە ماردین یان دیاربەکرد ٪10مان نەهێنا، دەنگەکانمان دەچێت بۆ جەهەپە؟! نەخێر، ئەو بابەتە ئاشکرایە، خۆشیان زۆر باش ئەو شتانە دەزانن. بەڵام ئێوە کە بەخۆتان دەڵێن بەرەی دیموکراسی، ئەو بەرەیەتان بەبێ هەدەپە دیموکراسییەکەی تەواو نابێت".
هێشتا لێدوان نییە. یەکەمین لێدوان بنووسە!
لێدوانی خۆت بنووسە