دەنگۆی سەردانی وەفدێكی هەرێم بۆ بەغدا لە ئارادەیە و بەرپرسێكی حكومەتی عیراقیش روونكردنەوە دەدات و ئاشكرای دەكات كە ئێستا هەرێم و بەغدا دوور لە چاوی میدیاكان لە گفتوگۆدان.
سایتی (بغداد الیوم) ی عیراقی بڵاویكردەوە، لە چەند رۆژی داهاتوودا وەفدێكی هەرێمی كوردستان بە سەرۆكایەتی قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆكی حكومەتی هەرێم سەردانی بەغدا دەكات و لەگەڵ بەرپرسانی حكومەتی عیراق كۆدەبێتەوە بۆ گفتوگۆ لەسەر پرسەكانی نەوت و موچە و پێشمەرگە، بەڵام وتەبێژی نووسینگەی عەبادی روونكردنەوەی زیاتر لەو بارەیەوە دەدات و بێ ئاگایی خۆی لە سەردانی لەو جۆرە رادەگەیەنێت.
سەعد حەدیسی وتەبێژی نووسینگەی راگەیاندنی حەیدەر عەبادی سەرۆك وەزیرانی عیراق بەو سایتەی راگەیاندوە، ئاگاداری سەردانی لەو جۆرە نیم، بەڵام بە دووری نازانم چونكە ئێستا گفتوگۆ و كۆبوونەوەی بەردەوام هەیە دوور لە چاوی كامێراكان بۆ گەنگەشەكردنی چەند پرسێك.
ئاشكراشی كرد، ناردنی پارە لە بەغداوە بۆ هەرێم لە مانگی رابردوودا بەرهەمی ئەو كۆبوونەوە و دیدارە بەردەوامانە بووە كە تا ئێستاش بەردەوامن.
سایتەكە دەڵێت، سەردانی ئەمجارەی هەرێم بۆ بەغدا زۆر گرنگ دەبێت، نوێنەری وەزارەتەكانی ناوخۆ و پێشمەرگە و نەوت و دارایی و سامان سروشتییەكانی هەرێم بەشدار دەبن و رەنگە لەسەر زۆر پرس بڕیاری یەكلاكەرەوە بدرێت.
هێشتا لێدوان نییە. یەکەمین لێدوان بنووسە!
لێدوانی خۆت بنووسە