پەیامی کورد ... ٣٦ ساڵ بەسەر ئەنفالكردنی 8 هەزار بارزانیدا تێدەپەڕێت. ڕۆژی چوارشەممە 31-7، لە گۆڕستانی بارزانییەكان لە بارزان لەسەر ئاستێكی باڵا یادی شەهیدانی ئەو کارەساتە بەرز ڕادەگیرێت.
لە بەرەبەیانی ڕۆژی ٣١/٧/١٩٨٣ بە پیلانێك کە پێشتر بەرنامەی بۆ داڕێژرابوو حكوومەتی ئەوكاتی بەعس، بە فەرمانی ڕاستەوخۆی سەددام حوسێن و قیادەی بەناو شۆڕش لە ڕێگەی ئەمنی شیمالەوە هەڵمەتی ڕەشبگیری بارزانییەكانی دەست پێ كرد و لە كۆمەڵگەكانی هەریر، قوشتەپە، بەحركە و دیانا 8000 هەزار بارزانی دەستگیر كران و ڕاگواستران بۆ خوارووی عێراق و لە چەند گۆڕێكی بەكۆمەڵدا زیندەبەچاڵ كران، تا ئێستا ڕووفاتی 596 كەس دۆزراونەتەوە و گەڕێنراونەتەوە بۆ زێدی باب و باپیران لە بارزان، بەشێكی زۆری كەسوكاری ئەنفالكراوەكان هێشتا چاوەڕوانی گەڕاندنەوەی ڕووفاتی كەسوكاریانن بۆ باوەشی نیشتمان و هەمووشیان هیواخوازن حكوومەتی عێراق مافەكانیان دەستەبەر بكات.
ڕێبوار ڕەمەزان، بەڕێوبەری بەڕێوبەرایەتی شەهید و ئەنفالكراوانی بارزان، ڕایگەیاند : "ڕۆژی 31/7 كە دەكاتە ڕۆژی چوارشەممە لەسەر گۆڕستانی ئەنفالی بارزانییەكان لە ژێر درووشمی لە جینۆسایدەوە بۆ ئارامی و ژیان دەست بە كار و چالاكییەكانی خۆمان دەكەین و لەسەر ئاستێكی بەرز یادی ئەو شەهیدانە بەرز ڕادەگیرێت، ڕێوڕەسمەكە وەكو هەمیشە چەندین چالاكیی هونەری و وتارخوێندنەوە لەخۆ دەگرێت، زیاتر ڕێوڕەسمی دانانی تاجەگوڵینەیە لەسەر گۆڕستانی بارزانییەكان، لە هەمان كاتیشدا داوا لە حكوومەتی هەرێمی كوردستان دەكەین لەو یادەدا داواكاریی كەسوكاری شەهیدان جێبەجێ بكرێت لە تاپۆكردنی زەوییەكانیان، كە پێشتر بەسەر كەسوكاری ئەنفالكراواندا دابەش كراوە و دەست بە دابەشكردنی چەكی خانووی خۆكرد بكرێت، چونكە بەر لە قەیرانی دارایی، بەشێك لە كەسوكاری شەهیدان چەكی پارەیان وەرگرتووە، بەڵام خەرجكردنی پارەكە ڕاگیراوە، داواكاریی كەسوكاری ئەنفالكراوان لە حكوومەتی عێراقیش گەڕانەوەی ڕووفاتەكانیانە و كار بكرێت بە یاسای ژمارە 132ی دەستوور كە باسی قەرەبووكردنەوەی زیانلێكەوتووانی دەستی ڕژێم دەكات."
بەڕێوبەری بەڕێوبەرایەتی شەهید و ئەنفالكراوانی بارزان ئەوەیشی گوت: "تا ئێستا بە دوو قۆناغ 596 ڕووفات هێنراونەتەوە، لە 2005 و 2014 لە قۆناغی یەكەم لە ساڵی 2005، 503 ڕووفات هێنرانەوە، لە 2014ش 93 ڕووفاتی دیكە هێنراونەتەوە، هێشتا ڕووفاتی زیاتر لە 7 هەزار و 400 كەسی دیكە ماوە كە بیهێنینەوە، پێش چەند ڕۆژێك لە بیابانەكانی سەماوە بووین، گۆڕێكی دیكە هەڵدرایەوە، ڕاستە گۆڕستانی بارزانییەكان نەبوو، بەڵام ئەوانیش كەسوكاری ئێمەن، ئێمە دەمانەوێت هەموو ڕووفاتەكانمان بگوازرێنەوە، بۆ ئێمە وەكو بارزانییەكان دایكێكی گەرمیان، دایكێكی ئێزدی، دایكی ئێمەیە، هەموومان تووشی هەمان نەهامەتی و دەردەسەری بووینە، سەددام حسێن یەك بیرۆكەی هەبوو، ئەویش لەناوبردنی گەلی كورد بوو".
هێشتا لێدوان نییە. یەکەمین لێدوان بنووسە!
لێدوانی خۆت بنووسە