پەیامی کورد... وەزارەتی ئاوەدانکردنەوە: سەرقاڵی دروستکردنی نەخشەی هێڵی ئاسنینین
بریکاری وەزارەتی ئاوەدانکردنەوەی حکومەتی هەرێمی کوردستان دەڵێت، ئەمساڵ دوو هەنگاوی گرنگ بۆ دروستکردنی هێڵی ئاسنین دەنێین، ئەوانیش دیراسەکردنی پرۆژەکە لەڕووی ماددی و دانانی نەخشەی دروستکردنی هێڵی ئاسنین و ئامادەکردنی وەبەرهێنەر بۆ ئەنجامدانی پرۆژەکە.
ئەمڕۆ یەکشەممە 20ی شوباتی 2022، ئاگرین عەبدوڵڵا، بریکاری وەزارەتی ئاوەدانکردنەوەی حکومەتی هەرێمی کوردستان، بە ماڵپەڕی پارتی ڕاگەیاندووە، "تا ئێستا بۆ دروستکردنی هێڵی ئاسنین دوو هەنگاویان ناوە، یەکەمیان لەگەڵ کۆمپانیایەک ڕێککەوتوون دیراسەی ئەوەمان بۆ بکات لەڕووی ماددی چەندی پێویستە و، تەنیا ماوە گرێبەستی لەگەڵ بکەین، هەنگاوەکەی تر ئەوەیە لەگەڵ کۆمپانیایەکی جیهانی ڕێککەوتووین، کە نەخشە و هێڵی ڕێگامان بۆ دابنرێت بە جوانترین شێوە لەڕووی دیزاین و لە کوێ دابنرێت، هەروەها هەڵسەنگاندنی گشتیی و پەیداکردنی وەبەرهێنەر و کڕینی سکەی شەمەندەفەر کە چ جۆرێکی باشە بکڕین و لە قۆناغی ئیش پێکردنیش هاوکارمان دەبێت".
ئاماژەی بۆ ئەوەشکردووە، "جارێک نەخشە ڕێگا دادەنرێت و هەندێک دیراسەی پێویستە، کە ئەو دوو کۆمپانیایە کاری خۆیان تەواو کرد، دەست بە هەنگاوی دیکە دەکرێت، بۆیە لە ماوەیەکی نزیکدا دەست بە دیراسەکردن و دانانی نەخشە ڕێگاکە دەکرێت، بەڵام پارەی دروستکردنی ئەو پرۆژەیە لە ئەستۆی وەبەرهێنەر دەبێت و حکومەت زەوی بۆ تەرخان دەکات و ئەوانیش پارە دابین بکەن".
ئەوەشی وتووە، "ئەو پرۆژەیە بۆ هەموو هەرێمی کوردستانە کە درێژییەکەی ٩٢٠ کم دەبێت، کە هێڵە سەرەکیەکەی ئیبراهیم خەلیل دەبەستێتەوە بە سلێمانی و پەروێزخانەوە و کۆمەڵێک هێڵی دیکەی لێ دەردەچێت بۆ ڕانیە و بیتوێن، بۆ حاجی ئۆمەران و بۆ هەڵەبجە و بەرواریان".
باسی لەوەشکردووە، "بەپێی هەڵسەنگاندنی سەرەتایی هەر ١کم زیاتر لە ٥ ملیۆن دۆلاری پێویستە بە کڕینی سکەی شەمەندەفەرەکە و تێرمیناڵەکە ئەو بڕە پارەی پێویستە، بەڵام ئەمساڵ دیراسە و نەخشە و وەبەرهێنەر ئامادە دەکرێت، بۆ ساڵی داهاتووش دەست بە هەنگاوی کرداری بکرێت".
هێشتا لێدوان نییە. یەکەمین لێدوان بنووسە!
لێدوانی خۆت بنووسە