دۆناڵد ترەمپ، بەربژێری پارتی کۆمارییەکان بۆ هەڵبژاردنی سەرۆکایەتیی ئەمریکا بەڵێنی دا ئەگەر خولی دووەم بباتەوە، ئەوا ئیدارەکەی هەوڵی تەواو دەدات باج بە رێژەی دوو هێندە لەسەر خاوەنکار و سەرمایەدارە ئەمریکییەکان کەمبکاتەوە.
بەگوێرەی هەواڵێکی ئاژانسی بلۆمبێرگ، رۆژی شەممە بەکاتی ناوخۆی ئەمریکا، ترەمپ لەمیانی بەڕێوەچوونی کەمپینێکی تیمەکەیدا لە شاری ‘وایڵدوود’ی ویلایەتی نیو جێرسی ئەمریکا لەبەردەم هەزاران هەواداری خۆیدا ووتی، “لەبەرامبەر بەڵێنی بایدن بۆ بەرزکردنەوەی باج، من پلانی ترەمپ بە ئێوە دەناسێنم بۆ کەمکردنەوەی باج لەسەر خاوەنکارەکان لە هەموو چینەکانی خواروو، مامناوەند و چینی دەوڵەمەند بە بڕی دوو هێندە”.
بابەتی زیادکردن و کەمکردنی باج یەکێکە لە بەڵێنە گەرمەکانی هەردوو بەربژێری سەرەکیی هەڵبژاردنی سەرۆکایەتیی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا.
جۆو بایدن بەڵێنی داوە ئەگەر براوی هەڵبژاردنەکە بێت و جارێکی دیکە ببێتەوە بە سەرۆک – باج دەخاتە سەر هەموو ئەو خاوەنکارانەی ساڵانە بڕی 400 هەزار دۆلار یان زیاتر بەدەستدەهێنن، هەروەها باج و رسوومات لەسەر دەوڵەمەند و سەرمایەدارە نیشتیمانییەکانی ئەمریکا زیاتر دەکات.
ساڵی 2017، لەکاتی بوونی بە سەرۆکی ئەمریکا، دۆناڵد ترەمپ یاسای باج و رسووماتی لەسەر خاوەنکار و کۆمپانیا ئەمریکییەکان دەرکرد و یاساکە لە ساڵی 2025 بەسەردەچێت و پرسی رێکخستنەوەی باجەکان یەکێک دەبێت لە کارە هەرە سەرەکییەکانی هەر بەربژێرێک کە بچێتە کۆشکی سپی.
هێشتا لێدوان نییە. یەکەمین لێدوان بنووسە!
لێدوانی خۆت بنووسە