پەیامی کورد … وەزارەتی پێشمەرگە: 18 لیوای رێكخراومان هەیە
لیوا روكن كارزان شەقڵاوەیی بەڕێوەبەری پلاندانان و میلاكاتی وەزارەتی پێشمەرگە دەڵێت، هەنگاوەكانی رێكخستنەوەی میلاكاتی هەردوو هێزەكانی پشتیوانی یەك و دوو لە یەكەكانی 70 و 80 تەواوبوون، ئێستا 18 لیوای رێكخراومان هەیە.
لیوا روكن كارزان شەقڵاوەیی لە لێدوانێكی رۆژنامەوانیدا ئاماژەی بەوەداوە، كارەكانی وەزارەتی پێشمەرگە لە رێكخستنی هێزەكان و یەكخستنەوەیان بە هاوكاری هێزەكانی هاوپەیمانان بەردەوامە، ئێستا 18 لیوای رێكخراومان هەیە.
رونیشیكردووەتەوە، پێشتر دوو لیوای یەكەی 70 و دوو لیوای یەكەی 80 خرانە سەر وەزارەتی پێشمەرگە و ئەم پڕۆسەیە بەردەوام دەبێت تاوەكو تەواوی هێزەكان دەخرێنە سەر وەزارەت، ئەم كارەش سەركەوتوو بووە و لە رۆژانی داهاتوو كۆبوونەوەی دیكە بۆ یەكخستنەوە دەكرێن و بڕیاری پێویست دەدرێن.
لیوا روكن كارزان كە سەرۆكی لێژنەی باڵای رێكخستنەوەی میلاكاتی هێزەكانی پشتیوانی یەك و دووە وتیشی، ئەو هێزانەی دێنە سەر وەزارەت ژمارەكانیان یەكدەخرێت و بەپێی ئەو سیستەمە دەبێت كە وەزارەتی پێشمەرگە پەیڕەوی دەكات.
هێشتا لێدوان نییە. یەکەمین لێدوان بنووسە!
لێدوانی خۆت بنووسە