پەیامی کورد... سەرۆک بارزانی پێشوازی لە باڵوێزی بەریتانیا لە عێراق کرد
لە سەڵاحەددین سەرۆک مەسعود بارزانی پێشوازیی لە ستیڤن هیچن باڵوێزی بەریتانیا لە عێراق کرد.
لەو دیدارەدا کە کونسوڵی نوێی بەریتانیا لە هەولێر ئامادەی بوو، باڵوێزی بەریتانیا دووبارە سەرەخۆشیی خۆی بە سەرۆک بارزانی ڕاگەیاند، بۆ کارەساتی مووشەکبارانە بێبنەماکەی سەر هەولێر کە لە لایەن سوپای پاسدارانی ئێران ئەنجام درا و بووە هۆی شەهید و برینداربوونی ژمارەیەک هاووڵاتیی سڤیل، لەم بارەیەوە هەڵوێستی فەرمیی حکوومەتی بەریتانیای بە سەرۆک بارزانی گەیاند کە دژی ئەم جۆرە کردەوانەن، بە تایبەت کە خەڵکی سڤیل و بێتاوان بکرێتە ئامانج.
هەر لەو دیدارەدا باس لە بارودۆخ و دواپێشهاتە ئەمنی و سیاسییەکانی ناوچەکە و عێراق کرا، هەروەها تیشک خرایە سەر کارەکانی لیژنەی لێکۆلینەوەی ڕاستییەکان کە لەلایەن سەرۆک وەزیرانی عێراق پێک هێنراوە بۆ بەدواداچوون و لێکۆڵینەوە و دەرخستنی ڕاستییەکان لەسەر ئەم رووداوە.
لای خۆیەوە سەرۆک بارزانی سوپاسی هەڵوێستی باڵوێز و حکوومەتی بەریتانیای کرد، و دووبارە نیگەرانیی خۆی دەربڕی بەو کردەوە نا مرۆڤانەی بەرانبەر خەڵکی هەرێمی کوردستان کرا، و پێزانینی هەبوو بۆ هەوڵەکانی محەمەد شیاع سوودانی، سەرۆک وەزیرانی عێراقی فیدراڵ بۆ وەرگرتنی هەڵوێست و بەدواداچوونی جددی لەسەر ئەم پرسە.
پەیوەندییەکانی نێوان حکوومەتی هەرێمی کوردستان و حکوومەتی عێراقی فیدراڵ و بارودۆخی ئەمنیی دەشتی نەینەوا و شنگال و گرنگیی جێبەجێکردنی ڕێکەوتننامەی شنگال تەوەرێکی دیکەی دیدارەکە بوون.
هێشتا لێدوان نییە. یەکەمین لێدوان بنووسە!
لێدوانی خۆت بنووسە