پەیامی کورد … سەرۆكی پەرلەمانی ئوردن سەردانی هەرێمی كوردستان دەكات
بڕیارە رۆژی یەكشەممە عەبدولمونعم عودات، سەرۆكی پەرلەمانی شانشینی ئوردن و جێگری یەكەمی و 16 لە پەرلەمانتارانی ئەو وڵاتە سەردانی هەولێر بكەن و لەگەڵ سەرۆكایەتیی پەرلەمانی كوردستان كۆببنەوە.
سامان ئەحمەد، بەڕێوەبەری راگەیاندنی پەرلەمانی كوردستان رايگەیاند، سەرۆكی پەرلەمانی شانشینی ئوردن، لە رێگەی فڕۆكەخانەی هەولێر دەگاتە هەرێمی كوردستان و لەلایەن رێواز فایەق، سەرۆكی پەرلەمانی كوردستان و دەستەی سەرۆكایەتییەوە پێشوازیی لێدەكرێت.
وتیشی، دوای گەیشتنی سەرۆكی پەرلەمانی ئوردن، راستەوخۆ دەچێتە پەرلەمانی كوردستان و لەگەڵ دەستەی سەرۆكایەتیی پەرلەمان، سەرۆكی فراكسیۆنەكان و لیژنەی پەیوەندییەكان كۆدەبێتەوە، ئامانج لە سەردانەكەش، دروستكردنی پەیوەندییەكی تووندوتۆڵە لە نێوان هەردوو پەرلەمانی هەرێمی كوردستان و ئوردن، بە تایبەتی ئاڵوگۆڕی زانیاری لەسەر كاری پەرلەمانی.
سامان ئەحمەد باسی لەوەشكرد، لە خوولی پێنجەمی پەرلەمانی كوردستان یەكەم سەرۆكی پەرلەمانی وڵاتێكە سەردانی پەرلەمانی كوردستان بكات، پەرلەمانی كوردستانیش دەیەوێت لەم خوولەدا پەیوەندیی لەگەڵ پەرلەمانی وڵاتانی ناوچەكە و جیهانیش پتەوبكات، بۆ ئاڵوگۆڕی زانیاری لەسەر كاری پەرلەمانی و پتەوكردنی پەیوەندییەكان لەسەر بەرژەوەندیی هاوبەش.
بڕیارە دوای سەردانی پەرلەمانی كوردستان، سەرۆكی پەرلەمانی ئوردن، دیدار و كۆبوونەوەی لەگەڵ بەرپرسانی باڵای هەرێمی كوردستان هەبێت.
هێشتا لێدوان نییە. یەکەمین لێدوان بنووسە!
لێدوانی خۆت بنووسە