پەیامی کورد ... بەپێی راگەێندراوێكی ژووری ئۆپڕاسیۆنی بەرەنگاربوونەوەی ڤیرووسی كۆرۆنا لە پارێزگای هەولێر لەمڕۆ (سێشەممە)وە جگە لە قەدەغەی هاتووچۆی ئۆتۆمبێل، هاتوچۆی پیادەش لە سەرجەم كۆڵانەكانی قەزا و ناحیە و ناوەندی شاری هەولێردا قەدەغە دەكرێت.
لە ڕاگەێندراوەكەی ژوری ئۆپراسیۆنی بەرەنگاربوونەوەی ڤیرووسی كۆرۆنای پارێزگای هەولێردا هاتوە ''دوای بڕیاری وەزارەتی ناوخۆی حكومەتی هەرێمی كوردستان بە دریژكردنەوەی قەدەغەكردنی هاتووچۆ تا ١ی ئاداری ٢٠٢٠، ژووری ئۆپراسیۆنی بەرەنگاربوونەوەی ڤیرووسی كۆرۆنا، بەسەرپەرشتی فرسەت سۆفی پارێزگاری هەولێر كۆبوونەوەیەكی ئەنجامدا''.
بەگوێرەی ڕاگەێندراوەكە، لە كۆبوونەوەكەدا بڕیاردراوە بە:
یەكەم: جگە لەقەدەغەكردنی هاتووچۆی ئۆتۆمۆبێل، هاتووچۆی پیادەش لەسەرجەم كۆڵانەكانی قەزا و ناحییەكان و ناوەندی شاری هەولێر قەدەغەیە، تەنها بۆ حاڵەتی كڕینی خۆراك و پێویستی زۆر زەرور نەبێت، هیچ كەسێكی دیكە رێگاپێدراو نییە، بۆ ئەو مەبەستە تەواوی هێزە ئەمنییەكان بڵاوەی پێكراوە، هەركەسێك سەرپێچی ئەم بڕیارە بكات دووچاری لێپێچینەوەی یاسایی دەبێتەوە.
دووەم: سەرجەم ماركێت و سەموونخانە و نانەواخانەكان، ئەو شوێنانەی رێگەی كاركردنیان پێدراوە، پابەندی تەواوی رێنماییە تەندرووستییەكان نەبن، لێپێچینەوەیان لەگەڵدا دەكرێت و دادەخرێن''.
لە بەشێكی دیكەی ڕاگەێندراوەكەدا داوا لە تەواوی هاووڵاتیانی سنووری پارێزگای هەولێر كراوە كە، پابەندبن بە بڕیاری قەدەغەكردنی هاتووچۆ و رێنماییە تەندرووستیەكان جێبەجێ بكەن و لەماڵەكانیان بمێننەوە.
هێشتا لێدوان نییە. یەکەمین لێدوان بنووسە!
لێدوانی خۆت بنووسە