پەیامی کورد ... دەیان کەسایەتی داوای هەڵوەشاندنەوەی حوکمی سێدارەی حەیدەری قوربانی دەکەن
پەنجا کەس لە زانایان و مامۆستایانی ئایینی و نوێنەرانی کورد لە پارلماندا، داوایان لە سەرۆکی دەزگای دادوەری ئێران کردووە کە داوای حەیدەر قوربانی بۆ دووبارە دادگاییکردنەوە و پێداچوونەوە پەسەند بکرێت.
بە پێی ئەو زانیاریانەی کە بڵاو بوونەتەوە، پاش بڵاوبوونەوەی هەواڵی ڕەتکردنەوەی دووبارە دادگاییکردنەوەی قوربانی لەلایەن دادگای باڵای ئێرانەوە، کۆمەڵێ مامۆستای ئایینی و نوێنەر لە ناوچە جیاجیاکانەوە نامەیەکیان ئاڕاستەی سەرۆکی دەزگای دادوەری ئێران کردووە کە تێیدا باس کراوە سزای"بەغی" کە بە سەر قوربانیدا سپێندراوە، ڕاست نییە وداوایان کردووە سزای لە سێدارەدانی ناوبراو هەڵبوەشێندرێتەوە.
لە نامەکەدا هەروەها هاتووە کە مامۆستایان وتوویانە بنەماڵەی قوربانی لە نزیکەوە دەناسن و دڵنیان لەوەی کە ناوبرا هیچ کات ئەندامی هیچ حیزب و لایەنێک نەبووە و چەکی دژی حکوومەتی هەڵنەگرتووە و بەم پێیەش نابێت سزای "بەغی" بەسەریدا بسەپێنرێت.
سەرچاوەکە هەروەها ئەوەشی خستوەتەڕوو کە جیا لە زانایان و مامۆستایانی ئایینی، کۆمەڵێک نوێنەری کورد لە پەرلەمانی ئێراندا، لەوانە جەلال مەحموودزادە داوایان کردووە لە سەرۆکی دەزگای دادوەری ئێران کە پێداچوونەوە بۆ نامەی ئەم مامۆستایانە و هەروەها سزاکەی حەیدەر قوربانی بکرێت.
حەیدەر قوربانی لە مانگی ١٠ ی ساڵی ٢٠١٦ لە شاری کامیارانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان دەستبەسەر کرا و تاوانبارکرا بە ڕووداوێکی توندوتیژ کە مانگێک پێش ئەوە، لەوێ ڕوویدابوو و تیایدا ٣ کەسی سەر بە سوپای پاسدارانی ئێران کوژرابوون و ئەندامەتی لە حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران حوکمی سێدارەی بە سەردا سەپا.
هێشتا لێدوان نییە. یەکەمین لێدوان بنووسە!
لێدوانی خۆت بنووسە