نەتەوە یەکگرتووەکان: داوا دەکات کۆتایی بە دۆخی نالەباری ئێزدییەکان بهێنرێت

نەتەوە یەکگرتووەکان: داوا دەکات کۆتایی بە دۆخی نالەباری ئێزدییەکان بهێنرێت

پەیامی کورد... نەتەوە یەکگرتووەکان: داوا دەکات کۆتایی بە دۆخی نالەباری ئێزدییەکان بهێنرێت

نەتەوە یەکگرتووەکان لە عێراق لە یادی کارەساتی شنگالدا ڕایگەیاند: هێشتا هەزاران ئێزدی نەگەڕاونەتەوە ناو خێزان و ئازیزانیان و شوێنیان نادیارە زۆرێک لە ئێزدییەکان لە شوێنی ڕەسەنی خۆیان ئاوارە بوونە، بەهۆی بەردەوامی گرژییەکان، ئەرکی هەمووانە کار بکەن بۆ ئەوەی دەستبەجێ کۆتایی بە دۆخی نالەباری بەردەوامی ئێزدییەکان بێت، نابێت هیچ ئێزدییەک ببێتە قۆچی قوربانی کێبڕکێی دەسەڵاتی ناوخۆیی یان هەرێمی، دەشڵێت: بەبێ دواکەوتنی زیاتر ڕێککەوتنی شنگال بەتەواوی جێبەجێ بکرێت.

نەتەوە یەکگرتووەکان لە عێراق لە یادی هەشتەمین ساڵەدا جینۆسایدی ئێزدییەکان لە شنگال پەیامێکی بڵاو کردەوە و تێیدا هاتووە: دوای هەشت ساڵ لە هێرشێکی دڕندانە داعش، کۆمەڵگای ئێزدی تا ئێستا ئەو ئاشتی و خۆشگوزەرانییەیان بەدەست نەهێناوە کە بەڕاستی شایەنیەتی.

ڕونیشیکردوەتەوە: هێشتا هەزاران ئێزدی نەگەڕاونەتەوە ناو خێزان و ئازیزانیان، تائێستاش شوێنیان نادیارە، زۆرێک لە بەرکەوتەکان لە دوای چەندین ساڵ لە دیلبوون و ئەشکەنجەدان و توندوتیژی سێکسی و کۆیلایەتی و هەروەها مامەڵەی ئەوپەڕی نامرۆڤانە بەردەوام بەدەست ئازاری دەروونییەوە دەناڵێنن، ژمارەیەکی زۆری تریش هێشتا بەسەر ئازاری لەدەستدانی ئەندامێکی خێزانی خۆشەویستیان، یان تەواوی خێزانەکەیان، زاڵنەبوونە.

نەتەوەیەکگرتوەکان لەعیراق ڕاشیگەیاند: زۆرێک لە ئێزدییەکان لە شوێنی ڕەسەنی خۆیان ئاوارە بوونە، بەهۆی بەردەوامی گرژییەکان، زێدی باوباپیرانیان لە شنگال هێشتا بێبەشن لەو سەقامگیرییە جەوهەرییەی کە پێویستە بۆ ئاوەدانکردنەوەی ژیانیان، دوور لە ترس و تۆقاندن.

لەبەشێکی تری ڕاگەیەنراوەکەدا ئەوەشخراوەتەڕوو: دەبێت ئەوە ڕوون بێت کە ئەرکی هەمووانە کە بێوچان کار بکەن بۆ ئەوەی دەستبەجێ کۆتایی بە دۆخی نالەباری بەردەوامی ئێزدییەکان بێت، هەروەها هەموو هەوڵێک دەدرێت بۆ ئەوەی دەرفەت بۆ داهاتوویەکی باشتر بۆ خەڵکی شنگال بڕەخسێت، دەوڵەت چەترێکە بۆ هەمووان و دەبێت دەسەڵاتەکەی گەرەنتی بە هەموو هاووڵاتییەکی ئەم وڵاتە بدات، بەبێ گوێدانە لایەنگیری سیاسی و ئایینی و نەتەوەیی، هیچ ئێزدییەک و هیچ عیراقییەکی تریش، نابێت ببێتە قۆچی قوربانی کێبڕکێی دەسەڵاتی ناوخۆیی یان هەرێمی.

ئەوەشخراوەتەڕوو: دەبێت ڕێککەوتنی شنگال بەتەواوی جێبەجێ بکرێت، بەبێ دواکەوتنی زیاتر، حوکمڕانی جێگیرو پێکهاتەی ئاسایش زۆر گرنگە، ڕێگە بە ئاوارەکان دەدات دواجار بگەڕێنەوە ماڵەوە، هەوڵەکانی ئاوەدانکردنەوە خێراتر بکرێت، پێشکەشکردنی خزمەتگوزاری گشتی باشتر بکرێت.

باسی لەوەشکردوە کە نەتەوە یەکگرتووەکان بەردەوام دەبێت لە پەرەپێدان بەڕێکارەکانی لێپرسینەوە لە تاوانەکانی داعش دژی ئێزدییەکان بۆ گەڕاندنەوەی دادپەروەری بۆ هەموو ئەوانەی بەدەست ئەم تاوانە قێزەونەوە دەناڵێن، ئازادی و دادپەروەری شانبەشانی ئاشتی و گەشەکردن دەڕوات.

دەشڵێت: دەستخۆشی لە خۆڕاگری ئێزدییەکان دەکەین لە پاراستنی کولتوور و میراتەکەیان سەرەڕای هەوڵەکانی داعش بۆ سڕینەوەیان و سەرەڕای ئەو ئاڵنگارییە بێشومارانەی کە کۆمەڵگاکە بەردەوام ڕووبەڕووی دەبێتەوە، ئەوانەش لەبیر ناکەین کە کوژراون یان بریندار بوون یان زەبریان بەرکەوتووە، هەروەها ئەوانەش کە بێسەروشوێنن، گەڕان بەدوایاندا دەبێت بەردەوام بێت تا ئەم بابەتە بە ئازارە کۆتایی پێدێت، لە کاتێکیشدا یادی ئەم لاپەڕە زەبربەخشەی مێژووی عێراق دەکەینەوە، پابەندیی خۆمان بەئارامی و سەقامگیری بۆ ئێزدییەکان و خەڵکی شنگال نوێ دەکەینەوە.

 

لێدوانەکان (0)

هێشتا لێدوان نییە. یەکەمین لێدوان بنووسە!

لێدوانی خۆت بنووسە