شاندەکەی هەرێم ئەمڕۆ لەگەڵ بەرپرسانی عێراق کۆدەبنەوە

شاندەکەی هەرێم ئەمڕۆ لەگەڵ بەرپرسانی عێراق کۆدەبنەوە

پەیامی کورد      ...    بڕیاره‌ ئه‌مڕۆ بۆ سێیه‌مجار شاندی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان بۆ دانووستاندن له‌سه‌ر دۆسیه‌ هه‌ڵواسراوه‌كان سه‌ردانی به‌غدا بكاته‌وه‌ و له‌گه‌ڵ به‌رپرسانی حكوومه‌تی عیراق كۆببێته‌وه‌.
دوێنێ له‌ كۆبوونه‌وه‌ی ئه‌نجوومه‌نی وه‌زیراندا بڕیاردرا شانده‌كه‌ ئه‌مڕۆ " سێشه‌ممه‌ " به‌ سه‌رۆكایه‌تی قوباد تاڵه‌بانی جێگری سه‌رۆكی حكوومه‌ت بچێته‌ به‌غدا و گفتوگۆكان بۆ چاره‌سه‌ركردنی كێشه‌كانی نێوان هه‌ردوولا چاره‌سه‌ر بكه‌ن.
له‌وباره‌یه‌شه‌وه‌ خالید شوانی وه‌زیری هه‌رێم بۆ كاروباری فیدراڵی رایگه‌یاند، شانده‌كه‌ به‌ سه‌رۆكایه‌تی جێگری سه‌رۆكی حكومه‌ت ده‌بێت و هه‌ریه‌ك له‌ وه‌زیرانی دارایی، پلاندانان و خۆیشی ئه‌ندام ده‌بن تێیدا و له‌گه‌ڵ به‌رپرسانی حكومه‌تی فیدراڵی دیالۆگی پێشوو ده‌ستپێده‌كه‌نه‌وه‌ و دۆسیه‌ ئابووری و داراییه‌ هه‌ڵواسراوه‌كان تاووتوێ ده‌كه‌ن.
له‌و روه‌شه‌وه‌ روونكردنه‌وه‌ی زیاتری داوه‌ و ئاماژه‌ی به‌وه‌كردوه‌، بابه‌ته‌كانی په‌یوه‌ندیدار به‌ بوودجه‌ی فیدراڵی، شایسته‌ داراییه‌كانی هه‌رێم، دۆسیەی نه‌وت و به‌شداریكردنی هه‌رێمی كوردستان له‌ پابه‌ندبوونی عیراق به‌ كه‌مكردنه‌وه‌ی به‌رهه‌مهێنانی نه‌وتی خاو، پابه‌ندبوونی هه‌رێم به‌ راده‌ستكردنی نه‌وت بۆ پاڵپشتی بوودجه‌ی فیدراڵی و زامنكردنی شایسته‌ی دارایی و بوودجه‌ی هه‌رێم و مووچه‌ی فه‌رمانبه‌ران، باسیان له‌باره‌وه‌ ده‌كرێت.
هه‌روه‌ها خالید شوانی ووتی "ئیراده‌یه‌كی راسته‌قینه‌ له‌لایه‌ن هه‌ردوو حكومه‌تی فیدراڵی و هه‌رێمه‌وه‌ هه‌یه‌ بۆ گه‌یشتن به‌ رێككه‌وتنه‌كان و دۆزینه‌وه‌ی چاره‌سه‌ری ڕیشه‌یی بۆ سه‌رجه‌م كێشه‌ هه‌ڵپه‌سێردراوه‌كان به‌پێی ده‌ستوور و ئه‌وه‌ی له‌ به‌رژه‌وه‌ندی گه‌لدا بێت".

لێدوانەکان (0)

هێشتا لێدوان نییە. یەکەمین لێدوان بنووسە!

لێدوانی خۆت بنووسە