پەیامی کورد ... شاندی حکومەتی هەرێمی کوردستان گەیشتە بەغدای پایتەخت و لەگەڵ شاندی باڵای حکومەتی عێراق کۆدەبێتەوە و لەبارەی پرسی نەوت، بوودجەی هەرێمی کوردستان، قەرزەکانی سەر هەرێمی کوردستان و مامەڵەی ئابووری لە داهاتودا گفتوگۆ دەکەن.
شاندی هەرێمی کوردستان کە پێکهاتبوو لە ئاواتی شێخ جەناب، وەزیری دارایی و ئابووری، خالید شوانی، وەزیری هەرێم، ئومێد سەباح، سەرۆکی دیوانی، ئەنجومەنی وەزیران، ئامانج رەحیم، سکرتێری ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان پێشنیوهڕۆی ئەمڕۆ گەیشتە فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی بەغداوە و دواتر بەرەو ناوچەی سەوز بەرێکەوتن.
فارس عیسا، نوێنەری حکومەتی هەرێمی کوردستان لە بەغدا دوای گەیشتنی شاندی هەرێم بە فڕۆکەخانەی بەغدا رایگەیاند، شاندێکی هەرێمی کوردستان سەرەتا لەگەڵ عادل عەبدۆلمەهدی، سەرۆک وەزیرانی عێراق کۆدەبێتەوە.
بەپێی زانیاریەکانی خەندان، شاندی هەرێمی کوردستان و شاندی حکومەتی عێراق سەبارەت بە پرسەکانی نەوت، بودجەی هەرێمی کوردستان، قەرزەکانی سەر هەرێمی کوردستان و مامەڵەی ئابوری لە داهاتودا گفتوگۆ دەکەن.
بەرپرسانی حکومەتی هەرێمی کوردستان پێشتر چەندینجار رایانگەیاندوە، هەرێم ئامادەیە بەپێی ئەو مەرجانەی هەیە نەوت رادەست بکات، ئێستاش ئەگەر بەغدا مەرجەکانی هەرێمی کوردستان جێبەجێ بکات کێشەیان لەگەڵ ئەو بابەتە نییە.
هێشتا لێدوان نییە. یەکەمین لێدوان بنووسە!
لێدوانی خۆت بنووسە