سەرکردەیەکی بزووتنەوەی ئیسلامی لە کوردستان ڕایدەگەیەنێت، کە بە بەڵگەوە دەسەلمێنێت، ئەمیری کۆمەڵی ئیسلامی پەیوەندیی بە ڕژێمی بەعسی عێراقییەوە هەبوو.
ئیحسان عەلی عەبدولعەزیز، بەرپرسی مەکتەبی دەرەوەی بزووتنەوەی ئیسلامی لە گرتەیەی ڤیدیۆییدا، ڕایدەگەیەنێت، کە ژمارەیەک سەرکردەی ئێستای کۆمەڵ ئاگاداری پەیوەندیکردنی عەلی باپیری ئەمیری ئەو حزبەن بە رژێمی بەعسەوە، لەو کاتەی لەناو بزووتنەوەی ئیسلامیدا بوو.
ئیحسان عەلی عەبدولعەزیز هەروەها رایگەیاندووە، کە ئاگاداری وردەکاریی سەردانی عەلی باپیرە بۆ باڵیۆزخانەی عێراق لە تورکیا لەسەردەمی حزبی بەعس و ژمارەیەک کونسوڵخانەی دیکەی عێراق لە شوێنی دیکە.
ئەو سەرکردەیەی بزووتنەوە ئاماژەی بەوەش کردووە، کە محەمەد حەکیم، حەسەن بابەکر و دڵشاد گەرمیانیی سەرکردەکانی ئێستای کۆمەڵ شاهێدی پەیوەندیکردنی عەلی باپیرن بە رژێمی بەعسەوە.
ئیحسان عەلی عەبدۆلعەزیز، کە برای ڕابەری گشتیی بزووتنەوەیە، داوا لە دڵشاد گەرمیانی دەکات ڕاستیی ئەو پەیوەندییە ئاشکرا بکات، کە لەڕێی ئەو پەیوەندییەوە، عەلی باپیر پارەی لە ڕژێمی بەعس وەرگرتووە.
دوای ڕووخاندنی ڕژێمی بەعسی عێراق لەساڵی 2003، هەزاران بەڵگە و دێکۆمێنتی ڕژێمی بەعس لە میدیاکانەوە بڵاو کرانەوە، کە لە بەشێکیاندا، سەرکردایەتیی حزبی بەعس فەرمانی بە دەزگای هەواڵگریی عێراقی کردبوو بە پارە هاوکاریی عەلی باپیر بکات بەرامبەر ئەو ئەرکانەی حزبەکە پێی دەسپێرێت.
هێشتا لێدوان نییە. یەکەمین لێدوان بنووسە!
لێدوانی خۆت بنووسە