پەیامی کورد ... شارەوانی هەولێر بۆ زیاتر گەیاندنی خزمەت بە خەڵکی شارەکە پڕۆژەیەکی سوودمەند دەخاتە واری جێبەجێ کردنەوە
سەرۆکایەتی شارەوانی هەولێر پڕۆژەیەک بۆ خزمەتکردنی خەڵکی هەژار ڕادەگەێنێت و سەرۆکی شارەوانییش دەڵێت، مەبەست لە پڕۆژەکە سوودمەند بوونی خەڵکی هەژاری شاری هەولێرە.
عەبدۆلواحید ئەحمەد، سەرۆکی شارەوانی هەولێر، ڕایگەیاند: "شارەوانیی هەولێر لەگەڵ ڕێکخراوێک پڕۆژەیەکی ئامادە کردووە و دەخرێتە واری جێبەجێکردنەوە. پڕۆژەکەش بریتییە لە دانانی ژمارەیەک سندووق بۆ کۆکردنەوەی جل و بەرگی بەکارهاتوو کە دواتر بەسەر خەڵکی کەمدەرامەتدا دابەش دەکرێت، ئەوەش لەپێناو هاوکاریکردنی هاووڵاتییانی کەمدەرامەت و هەژاردا."
سەرۆکی شارەوانی هەولێر دەشڵێت: "لە زۆربەی گەڕەکانی شاری هەولێر سندووق دەکەینەوە و خەڵکێکی خواپێدراو هەیە جل و بەرگی مارکە و باش بەکار دێنن و دوای ماوەیەکی کەم بەکاری ناهێنن، ئێمە وەک شارەوانی هەموو ئەو جلوبەرگانە کۆ دەکەینەوە و دوای قۆناغی شوشتن بەسەر خەڵکی هەژاردا دابەشیان دەکەین."
عەبدۆلواحید ئەحمەد ڕوونی کردەوە: "پڕۆژەی هاوشێوە لە ووڵاتان هەیە و مەبەست لێی ئەوەیە پردێک درووست بکەین لە نێوان خەڵکی خواپێدراو و هەژاردا تا بە شێوەیەکی پێشکەوتوو سوود بە خەڵکی خۆمان بگەیەنین."
هێشتا لێدوان نییە. یەکەمین لێدوان بنووسە!
لێدوانی خۆت بنووسە